پێشەکی
کێشەی کورد لە وڵاتی تورکیا، بە یەکێک لەو پرسه گرنگانه ئەژمار دەکرێت، کە هەمیشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئاماده و کاریگەر بووە. پاش داڕمانی دەوڵەتی عوسمانی و دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی تورک لە 1923، دەوڵەتی تورک و سیستەمە سیاسییەکەی، بە ئامڕاز و سیاسەتێکی جیاواز و فرەچەشن هەوڵیانداوە، نكوڵیی له پرسی کورد له وڵاتهكهدا بکەن. ههروهك لە بەرامبەر هەر جوڵەیەکی تاک و کۆمەڵەیەکی کوردی بۆ وەرگرتنی مافی خۆی، تا وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت (شوناس و کلتوری هەبێت)، دەوڵەتی تورک زیاتر مكووڕ بووه لەسەر خۆسەپاندن و چەوسانەوە و سهركوتكردن. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدراوە تیشک بخرێتە سەر ئەو ئامڕاز و سیاسەتە جیاوازانەی، کە دەوڵەتی تورک لە کات و قۆناغی جیاوازدا بەرامبهر به كورد بهکاریهێناوە. بەتایبەت سیستەمی پهروهرده و خوێندن، کە بە یەکێک لە گرنگترین و مهترسیدارترین ئامڕازەکانی ئەتاتورک و دەوڵەتی تورکی (لە دوای ساڵی 1923 تا سەرەتای ساڵی 2000)، بهكاریهێناوه بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تورکی، کە پێی دەگوترێت یادهوهری هاوبەش (common memorize). بۆ دروستكردنی كۆمهڵگهیهك لەسەر ئەو پرهنسیپهی، کە له توركیای نوێی دوای دهوڵهتی عوسمانی؛ کێشەیەک، پرسێک، نەتەوەیەک یان مرۆڤێک نییە بهناوی (كورد). بۆ ئهم مهبهسته توێژەران توێژینەوەکەیان بۆ سێ بەش دابهشكردووه.
بەشی یەکەم؛ ڕوونکردنەوە و تێگەیشتن لە بنەما و فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیای ئەتاتورک و بنەماکانی کەمالیستی، کە تورکیای پاش دەوڵەتی عوسمانی (Post-Ottomans) لەسەر دروستکراوە.
بەشی دووەم؛ له توێژینەوەکەدا تێگەیشتن و بەستەرێک لە نێوان (خوێندن و دەوڵەتی نەتەوەیی)دا باس کراوە، به جهختكردنهوه لهسەر ئەو سیاسەتانەی دەوڵەتی تورک بەکاریهێناوە لە سیستەمی خوێندنی خۆیدا. ئهو قۆناغه جیاوازانهی دەوڵەتی تورکیای پێیدا تێپەڕیوە، كه لە ڕێگەی دەستکاریکردنی سیستەمی خوێندنەوە توانیوییەتی ئەرکە گرنگەکەی جێبهجێ بكات، کە بریتی بووە لە ڕزگارکردن و بنیاتنانەوەی دهوڵهت لەسەر بنەماکانی کەمالیزم.
بەشی سێیەم؛ لهم توێژینەوەیەدا هەوڵدراوە، تێڕوانینە جیاوازەکانی دەوڵەتی تورک بۆ پرسی کورد لە کوردستانی باکووردا باس بکرێت، وەک دەرەنجامێک لە گۆڕینی سیاسەتی خوێندن یان دەستکاریکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن لە قۆناغه جیاوازەکاندا. بهتایبهت ئهو قۆناغانهی سیستەمی سیاسی تورکیای پێدا تێپەڕیووە، كه چۆن تێڕوانین و بۆچوونی دەوڵەتی تورکیش بۆ پرسی کورد گۆڕاوه؟
بۆ خوێندنەوەی درێژەی شیکاریی توێژینەوەکە، کرتە لەسەر دابەزاندنی فایلی پی دی ئێف بکە