پاشخان
پاڵاوگەکانی نەوت ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە سیستەمی وزەی جیهانیدا له ڕێگهی گۆڕینی نەوتی خاو، (کە تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە لە شلە و گازە ئۆرگانییەکان - هایدرۆکاربۆن)، بۆ بەرهەمە بەنرخەکانی وەک بەنزین، گازوایل و قیر.
نەوتی خاو لە قووڵایی توێکڵی زەویدا لە ماوەی ملیۆنان ساڵدا لە ڕێگەی شیبوونەوەی بێ هەوایی (Anaerobic Decomposition)، بڕێکی زۆر لە زیندەوەرە مردووەکان و لە ژێر فشارێکی بەرزدا دروست دەبێت، كه لە ئەنجامدا دۆخی قیر پێك دێت. نەوت لە کۆگا سروشتییهكانی ژێر زەوی دهردههێنرێت، كه تێکەڵەیەکه لە گازی سروشتی (بە شێوەیەکی سەرەکی میتان، CH4) و نەوتی خاو.
پرۆسەی دەرهێنان بە ههڵكهندن دەستپێدەکات بۆ گەیشتن بەم کۆگایانە، کاتێکیش نەوتی خاو دەهێنرێتە سەر ڕووی زەوی، پرۆسهی پاڵاوتنی بۆ دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی جۆره جیاوازهكانی سووتەمەنی، كه له بواری پیشەسازی و ژیانی ڕۆژانەدا بهكاردێن. پرۆسەی پاڵاوتنەکە ئاڵۆزە و وزەی زۆری دەوێت، ئهویش بریتییە لە جیاکردنەوەی نەوتی خاو بۆ پێکهاتەی جیاواز لەڕێگەی تەقاندنەوە، کە ڕۆنەکە گەرم دەکرێت و پاش ساردبوونهوهی، جیا دەکرێتەوە بۆ چینەکان بەپێی کێش- لێرهوه بەرهەمە قورسەکانی وەک (قەتران) لە بهشی ژێرهوهیدا جێگیر دەبن؛ لە بەرامبەردا بەرهەمە سووکتر و بەنرخەکانی وەک (بەنزین) بۆ سهرهوه بەرز دەبنەوە.
لە دەرەوەی ئەم تەقاندنەوە بنەڕەتییە، تەکنیکەکانی پاڵاوتنی مۆدێرن و ڕێگەی پێشکەوتووی وەک گەرمكردن، کاتالیزەکردن (Catalysis)، پەستان و ماددە کیمیاییەکان بەکاردەهێنن بۆ زیاتر پاڵاوتنی نەوتی خاو، و دڵنیابوون له گونجاوی بۆ بهكارهێنان. لەم پرۆسانەدا بەرهەمی سەرەکی پترۆکیمیایی بەرهەم دەهێنرێت، کە گرنگن بۆ کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان، لەوانەش گواستنەوە و بەرهەمهێنان.
سەرەتا
پاڵاوگەکانی نەوت بهشێكی گرنگی سیستەمی وزەی جیهان پێكدههێنن، بهوپێیهی نەوتی خاو دەگۆڕن بۆ بەرهەمە سەرەکییەکانی وەک بەنزین و گازۆیل. بەڵام شانبەشانی سوودە ئابوورییەکانیان، پاڵاوگەکان مەترسییەکی بەرچاو لەسەر ژینگە و تەندروستی گشتی دروست دەکەن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی، کە وهك پێویست چاودێری ناكرێن. لە هەرێمی کوردستانی عێراق و بەتایبەت لە شاری هەولێر، زۆربوونی ژمارهی پاڵاوگەکانی نەوت، ئاستی پیسبوونی مەترسیداری تێپهڕاندووه. جێی سهرنجه، كه خراپ بەڕێوەبردن، جێبەجێنەکردنی ڕێساکانی سەلامەتی و خراپی حوکمڕانی لهو هۆكاره سهرهكیانهن كه ڕێگەی بەم پاڵاوگانە داوە بەبێ گوێدانه پاراستنی ژینگەی ناوچهكه، کار بکەن. پسپۆڕانی بواری ژینگه لهو باوهڕهدان هەرێمەکە بهشێوهیهكی خێرا و نائاسایی ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی هەوا و خاک و ئاو دەبێتەوە؛ بهجۆرێك نەک تەنها ئیکۆسیستەمەکان تێکدەدات، بەڵکو مەترسی گهوره لهسهر تەندروستی گشتی دروستدەکات، بهتایبهت زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون به جۆره جیاوازهكانی شێرپەنجە.
بۆ نوسینی ئهم ڕاپۆرتە، سوود لە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر لە ئەدەبیات و پێنج چاوپێکەوتنی سەرەکی وەرگیراوە، کە لەگەڵ پسپۆڕانی ژینگە و بەرپرسانی حکومی و پسپۆڕانی تەندروستی گشتی ئەنجام دراون. ئهوهش به ئامانجی لێکۆڵینەوە لەسهر کاریگەرییە فرەلایەنەکانی پاڵاوگەکانی نەوت لە ههرێمی کوردستان. چاوپێکەوتنەکان تێڕوانینێکی گرنگیان سەبارەت بە ئاستەنگەکانی حوکمڕانی، تێکچوونی ژینگە، كاریگهرییه نهرێنییهكانی بۆ سهر كهرتی کشتوکاڵی و مەترسییە تەندروستییەکان پێشکەش کردووه؛ كه تێكڕا جەختیان لەسەر پێویستیی كردهی بەپەلە کردۆتهوە. ههروهك ڕاپۆرتهكه تیشک دەخاتە سەر گرنگیی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکان و دۆزینهوهی چارەسەری گشتگیر و خێرا بۆ پاراستنی دووانهی ژینگە و تەندروستی گشتی لە ناوچەکەدا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی شیکاریی توێژینەوەکە، کرتە لەسەر دابەزاندنی فایلی پی دی ئێف بکە