له‌سه‌ر بنه‌مای زانیارییه به‌ده‌ستهاتووه‌كانی ڕاپرسییه‌ك، ڕۆژی 7/5/2025 ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی سبه‌ی مێزگردێكی بۆ ژماره‌یه‌ك توێژه‌ر و ئه‌كادیمیست و چالاكی سیاسی و نوێنه‌ری پارته سیاسییه‌كان ڕێكخست. مێزگرده‌كه به ناساندن و خستنه‌ڕووی به‌شێك له كاره‌كانی ناوه‌نده‌كه له‌لایه‌ن (ڕابه‌ر ته‌ڵعه‌ت) به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی سبه‌ی ده‌ستیپێكرد.
ڕابه‌ر ته‌ڵعه‌ت وه‌ك ده‌ستپێك چه‌ندین پرسیاری گرنگی وروژاند "ئایا هاوڵاتیانی كوردستان به‌شێكن له دینامیكییه‌تی پرۆسه‌ی سیاسی؟ ئه‌وه‌ی له‌نێوان پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان، ته‌نانه‌ت میدیاكاندا ده‌گوزه‌رێت، تا چه‌ند هاوڵاتی تیایدا بابه‌ته، یان تا چه‌ند بۆ هاوڵاتی گرنگه؟" ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین به‌رپرسانی یه‌كه‌می حكومه‌ت و پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كاتێك له كۆبوونه‌وه‌ی ژووره داخراوه‌كان دێنه ده‌ره‌وه، هه‌میشه كۆمه‌ڵێك ڕسته‌ی ئاڵۆز و ناڕوون له ڕێی میدیاكانه‌وه به خه‌ڵكی ده‌ڵێن. ئه‌گه‌ر بڕیاره حكومه‌ت بۆ خه‌ڵكی و خزمه‌تكردنی ئه‌م نیشتمانه دروست بكه‌ن! ئه‌ی نابێت خه‌ڵكی بزانێت باسی چی ئه‌كه‌ن؟ ئایا مافی خه‌ڵكی نییه بزانێت ئه‌م فه‌لسه‌فه و ستراتیژه گرنگه چییه، كه ئێوه له ژووره تاریكه‌كان باسی ئه‌كه‌ن و هاوڵاتی لێی بێ ئاگایه؟ ئه‌گه‌ر به گوته‌ی خۆتان كێشه‌كانتان له‌سه‌ر پله و پۆست نییه و له‌سه‌ر جیاوازی بیر‌و ڕایه بۆ حكومڕانییه‌كی باش و خزمه‌تگوزار بۆ هاوڵاتی! ئه‌ی كه‌واته بۆچی خه‌ڵكی نه‌زانن چی ئه‌گوزه‌رێت؟ ئایا ئه‌مه به‌كه‌مزانینی ده‌نگده‌ره، یان جۆرێكه له له‌خۆباییبوون و بێباكی. یاخود هه‌ڵبژاردن له كوردستاندا ته‌نها مانۆڕێكی سیاسی و سیمبولییه؟
پاشان سه‌رنجی خسته سه‌ر گرنگی داتاكان بۆ تێگه‌یشتن له‌م دۆخه‌ی له هه‌رێمی كوردستان ده‌گوزه‌رێت "ڕه‌نگه داتاكانی نێو ئه‌م ڕاپرسییه و ڕاپرسییه‌كانی تری ناوه‌ندی سبه‌ی هاوكارمان بێت له تێگه‌یشتنێكی زیاتر له‌م بابه‌ته، به‌جۆرێك پێمان ده‌ڵێت سیاسه‌تكردن لای پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان له دۆڵێكه و هاوڵاتی و گوزه‌ران و بژێوییان له دۆڵێكی تر. ئایا ئه‌و بۆچوونه دروسته، كه ده‌ڵێت په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌بن یان نا، هیچ له ژیانی خه‌ڵكی ناگۆڕێت؟ یاخود هاوڵاتی بۆ خۆی فێری جۆرێك له به‌رگری تاكه‌كه‌سی بووه، كه زۆر بۆی گرنگ نه‌بێت، حكومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌بن یان نا. پاشان (فه‌ره‌یدون عارف) توێژه‌ر له ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی سبه‌ی، داتا به‌ده‌ستهاتووه‌كانی دوایین ڕاپرسی ناوه‌نده‌كه‌ی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بۆچوون و تێگه‌یشتنی به‌شداربووانی ڕاپرسییه‌كه‌یه بۆ دۆخی چه‌قبه‌ستوویی سیاسی هه‌رێم و متمانه‌ی هاوڵاتیان به پرۆسه‌ی حكومڕانی.
دیوه شاراوه‌كانی پێكنه‌هێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت
پاشان به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی سبه‌ی داوای له د. به‌هار محمود، یاساناس و په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق كرد، كه له‌ڕووی یاساییه‌وه بۆمان ڕوون بكاته‌وه، ئایا هه‌رێمی كوردستان له چ جۆره بۆشاییه‌كی یاساییدایه و ئه‌م دۆخه چۆن پێناسه ده‌كرێت؟ له‌وباره‌یه‌وه د. به‌هار، وێڕای ده‌ربڕینی نائومێدیه‌كی زۆر به‌رامبه‌ر به‌دۆخی هه‌رێم، پێیوایه "شتێكمان نییه به‌ناوی حكومه‌ت و دامه‌زراوه، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌مری واقیعه و هیچی تر. چۆن له ڕابردوودا خان، خاوه‌نی دیوه‌خان بوو، به‌هه‌مان شێوه ئه‌میش خۆی به خاوه‌نی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌زانێت، چۆنی بووێت به‌و شێوه‌یه به‌كاریان ده‌هێنی. پێكنه‌هێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت یه‌كه‌مجار نییه، به‌ڵكو ئه‌مه سێیه‌مین جاره دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن هه‌مان كێشه دووباره ده‌بێـته‌وه، هه‌ربۆیه له ڕووی یاساییه‌وه هیچ قسه‌یه‌ك هه‌ڵناگرێت. به‌تایبه‌ت كاتێك شه‌ش مانگ و حه‌وت مانگ دانیشتنی یه‌كه‌م به كراوه‌یی ده‌هێڵیته‌وه، له هیچ یاسایه‌كدا شتی وا نییه." ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پێشووی عێراق وای ده‌بینێت "هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م دۆخه، نه‌بوونی شتێكه به‌ناوی ده‌ستوور، له به‌غدا هه‌موو ئه‌مانه له ده‌ستووردا به ده‌ق جێگیركراوه و كه‌س ناتوانێ لێی لا بدات، به‌ڵام لێره له‌بری ده‌ستوور و دامه‌زراوه، كه‌سێك هه‌یه و قسه و بڕیاره‌كانی ئه‌و له سه‌روو هه‌موو شتێكه‌وه‌یه. هه‌ربۆیه گرنگه ئێمه بتوانین قۆناغی كه‌س و كه‌سایه‌تی تێپه‌ڕێنین و بچینه قۆناغی ده‌زگا و دامه‌زراوه، بۆ ئه‌وه‌ی حزبێكی سیاسی نه‌توانێت به ئاره‌زووی خۆی په‌رله‌مان دابخات و به ویستی خۆی چۆنی بوێت به‌كاریبهێنی." له‌لایه‌كی تره‌وه و ده‌رباره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان د. به‌هار به‌هه‌مان شێوه، نه‌بوونی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانی به هۆكار زانی و پێیوایه ئه‌گه‌ر ده‌ستوورێك هه‌بووایه پێویست بوو بڕگه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، "گه‌رچی له ئێستادا و له یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا چه‌ند حاڵه‌تێك هه‌یه بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌ڵام هیچ حاڵه‌تێكیان بۆ ئه‌م دۆخه ناشێت، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ی 45 ڕۆژ په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می خۆی نه‌كات، به‌ڵام ئێستا كۆبوونه‌وه كراوه و به كراوه‌یی جێهێڵراوه. ئه‌م دۆخه زۆر نه‌خوازراوه و له ڕووی یاساییه‌وه نابێت شتی له‌مجۆره ڕووبدات، ئه‌مه وه‌ك ئه‌وه‌یه، كه له یاسایه‌كدا ڕێگه بده‌ی به كوشتن، واته شتێك كه نابێت یاسا ڕێگه‌ی پێ بدات، نابێت بپرسیت بڵێی كوشتن چۆن بێت باشه! هه‌ربۆیه ئه‌گه‌ر ده‌ستوورمان هه‌بووایه ته‌نها و ته‌نها چاره‌سه‌ر ئه‌وه ده‌بوو، كه په‌رله‌مان به هه‌ڵوه‌شاوه ئه‌ژمار بكرێت.
دواتر به‌ڕێز عه‌دنان عوسمان به‌ڕێوه‌به‌ری ڤیوژن فاونده‌یشن، له وه‌ڵام به پرسیاری ئه‌گه‌ر دواكه‌وتنی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت به‌هۆی دابه‌شكاری پۆست و پشك پشكێنه‌وه نییه و په‌یوه‌ندی به جیاوازی له تێڕوانین بۆ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و ستراتیژی حكومڕانییه‌وه هه‌یه، بۆچی بۆ خه‌ڵكی ڕوون ناكه‌نه‌وه؟ بۆچی به خه‌ڵك و هاوڵاتی ناڵێن ئه‌مه جه‌وهه‌ری كێشه‌كه‌یه؟ پێیوایه، نه‌بوونی شه‌فافیه‌ت و شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان له هاوڵاتی، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه؛ چونكه خۆی له ڕاستیدا ئه‌مه ده‌ره‌نجامی بیركردنه‌وه و ئه‌قڵییه‌تی ده‌سه‌ڵاتێكه، كه پێزانینی بۆ خه‌ڵك نییه. خه‌ڵك و هاوڵاتی وه‌ك مێگه‌ل ده‌بینێت و وا بیر ده‌كاته‌وه، كه هه‌رچی ڕوو بدات هاوڵاتی هه‌ر دوای قه‌ناعه‌ت و بیركردنه‌وه و بڕیاره‌كانی ئه‌وان ده‌كه‌وێت." (عه‌دنان عوسمان) هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ خاڵێك ده‌گێڕێته‌وه "كه تا ئێستا بۆیان چۆته سه‌ر و تا ساڵانێكی زۆریش هه‌ر به‌و شێوه‌یه بۆیان ده‌چێته سه‌ر. ئیتر هه‌ر له داخستنی په‌رله‌مانه‌وه بیگره تا چه‌ندجار دواخستنی هه‌ڵبژاردن و ئێستاش پێكنه‌هێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت، كه هه‌موو ئه‌مانه دواجار جۆرێك له ملهوڕیی سیاسی دروست ده‌كات." په‌یوه‌ست به پێكنه‌هێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، ڕای وایه "ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه‌ی په‌كخستووه؛ جیاوازی له تێڕوانین به‌رنامه بێت، ئاساییه با شه‌ش مانگ نا، هه‌شت مانگ دوا بكه‌وێت. چونكه ئه‌گه‌ر وابێت یه‌كه‌مجاره له كوردستاندا قسه له‌سه‌ر به‌رنامه و دونیابینی جیاواز و بونیادنانی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ین. به‌ڵام له ڕاستیدا وا نییه، چونكه كێشه‌كان له‌سه‌ر پۆست و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی حزبه، كاتێك دێیت پۆسته باڵاكانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی حكومه‌ت له پێشینه‌ی گفتوگۆ و دانوستانه‌كان داده‌نێی، مانای وایه په‌رله‌مان و گرنگی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه له بازنه‌كانی پێنجه‌م و شه‌شه‌م دێت، له‌كاتێكدا له سیسته‌می په‌رله‌مانیدا پێویسته ئه‌م دامه‌زراوه‌یه له بازنه‌ی یه‌كه‌م بێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، كه پێگه و سه‌نگی په‌رله‌مان به‌م شێوه‌یه لاواز بێت، به مانای ئه‌وه‌یه پێگه و سه‌نگی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن لاوازه."
ئه‌زموونی ئۆپۆزسیۆن و سیسته‌می حكومڕانی
سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی ئۆپۆزسیۆن و په‌یوه‌ندی به سیسته‌می حكومڕانی هه‌رێمه‌وه، (ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی) په‌رله‌مانتاری پێشووی كوردستان پێیوایه؛ دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت چه‌ند هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌وه هه‌یه، كه یه‌كێكیان ئۆپۆزسیۆنه. ئاشكرایه ئۆپۆزسیۆنی ڕاسته‌قینه له ساڵی 2009 دروست بوو، له‌و كاته‌وه تا ئێستا ده‌رفه‌تی زۆری له ده‌ست دا. به‌ڵێ ئۆپۆزسیۆن شكستیهێنا، ئه‌گه‌ر نا خه‌ڵكی سزای نه‌ده‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه خه‌ڵكی (گۆڕان، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو)ی سزادا، له‌كاتێكدا پارتی و یه‌كێتی سه‌رباری ئه‌م هه‌موو خاكفرۆشتن و خیانه‌ت و گه‌نده‌ڵییه‌وه، خه‌ڵكی سزایان نادات. به‌رده‌وامی ئه‌م دۆخه‌ش په‌یوه‌ندی به ئه‌قڵییه‌ت و شێوازی حكومڕانی و نه‌فره‌تی (دوو زۆن)ییه‌وه هه‌یه. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه، كه ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم باكیان به هیچ شتێك نه‌بێت، (هێزی چه‌كدار، پاره‌و داهات، نه‌وتی قاچاخ، تاڵانی زه‌وی) هه‌موو ئه‌مانه‌ی هه‌یه، ئیتر چ باكی به‌وه‌یه حكومه‌ت پێك دێت یان نا؟!
هه‌ڵه‌دنی له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ئۆپۆزسیۆنه‌وه ئاماژه‌ی به قۆناغێكی مێژوویی كرد، كه ئۆپۆزسیۆن زۆر به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه‌ی كردووه "حزبێكی وه‌ك گۆڕان له پارێزگای سلێمانی هه‌شت هه‌ڵبژاردنی برده‌وه، به‌ڵام پۆستی پارێزگاریان پێ ڕه‌وا نه‌بینی، تا دواتر پاش ساڵێك و به ڕێكه‌وتن پۆسته‌كه یه‌كلایی كرایه‌وه؛ له‌كاتێكدا به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسی و سندوقی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن." هه‌روه‌ك جه‌ختی له‌سه‌ر دروستی هه‌ڵوێستی ئۆپۆزسیۆن له‌و قۆناغه‌دا كرده‌وه "ئۆپۆزسیۆن شه‌ش پاكێجێكی پێشكه‌شی پارتی و یه‌كێتی كرد، وتیان به ڕاستی ئه‌مه جوانترین پرۆژه‌یه وه‌رن له‌گه‌ڵمان هاوكارمان بن بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی بكه‌ین. ئه‌وه بوو ئێمه فریومان خوارد و چوینه ناو حكومه‌ته‌وه، به‌ڵام دواتر بینیمان چی‌یان كرد! هه‌ربۆیه ئۆپۆزسیۆنیش له‌م نێوه‌دا قوربانییه."
سه‌باره‌ت به هۆكاره‌كانی پێكنه‌هێنانی كابینه‌ی نوێ، (هه‌ڵه‌دنی) ئاماژه‌ی به چه‌ند هۆكارێك كرد؛ (بێباكی و بوونی دوو زۆن، به‌نه‌ریتبوونی دواخستن، نه‌بوونی فشاری ئۆپۆزسیۆن و شه‌قام، نه‌بوونی ترس له ده‌نگده‌ر، نه‌بوونی دامه‌زراوه، په‌رتبوونی هێزی ئۆپۆزسیۆن، له‌سه‌رووی هه‌موویه‌وه ڕێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر دابه‌شكاری پۆسته‌كان.)
د. ڕێبوار كه‌ریم وه‌ك ئه‌كادیمیستێك و چالاكێكی سیاسی ده‌رباره‌ی دۆخی چه‌قبه‌ستوویی هه‌رێم، پێیوایه "پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم، هیچ تێڕوانینێكی ستراتیژییان نییه، به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی، كه ئێمه به‌رده‌وام له كێشه‌داین. چونكه گه‌ر تێڕوانین و ڕوانگه‌ی ستراتیژیمان هه‌بێت ناكه‌وینه كێشه‌وه، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ كێشه‌ی بۆ زیاد ده‌بێت."
سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی ئۆپۆزسیۆن، زۆرێك له به‌شداربووان ڕه‌خنه‌یان له‌و بۆچوونه نائومێدكه‌ره ده‌گرت، كه بوونی ئۆپۆزسیۆن به كه‌م بایه‌خ و بێ به‌ها سه‌یر بكرێت، چونكه بۆچوونێكی ئاوا (ئاوكردنه ئاشی ده‌سه‌ڵاته) و ته‌نها خزمه‌ت به تاڵانچێتی و قۆرخكاری و گه‌نده‌ڵی ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن شكستی هێناوه، ئه‌ی ده‌سه‌ڵات له كوێدا و له چیدا سه‌ركه‌وتوو بووه، به‌جۆرێك شكستی ده‌سه‌ڵات له ژماردن نایه‌ت. له‌وباره‌یه‌وه ڕابه‌ر ته‌ڵعه‌ت پێیوایه "ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ڕه‌خنه له ئه‌زموونی ئۆپۆزسیۆن ده‌گرن، به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌و ڕاستییه‌وه هه‌یه، كه ئۆپۆزسیۆن خه‌ونی خه‌ڵك فراوان ده‌كات و چاوه‌ڕوانییه‌كانیان زیاد ده‌كه‌ن." له‌به‌رانبه‌ردا د. ڕێبوار كه‌ریم؛ زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته دوا، به‌وه‌ی "تێگه‌یشتنی خه‌ڵك بۆ ئۆپۆزسیۆن تێگه‌یشتنێكی ورد و دروست نییه، ڕاسته ئۆپۆزسیۆن له‌كاتی بانگه‌شه‌دا به‌ڵێنی گرنگ و جوان به هاوڵاتی ده‌دات، به‌ڵام كه نه‌یتوانی ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت، گله‌یی و قسه‌ی له‌سه‌ر نییه و نابێت هاوڵاتی چاوه‌ڕوانی كارێكی لێ بكات، كه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ركی حكومه‌ته. له‌لایه‌كی تره‌وه (د. دارا محمد) نوسه‌ر و چاودێری سیاسی، ئاماژه‌ی به‌وه كرد "هه‌رچی ڕووده‌دات پێشتر به‌رنامه و پلانی بۆ داڕێژراوه، هه‌ر له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك هۆشیار نه‌بێت تا ده‌گات به بێ به‌هاكردن و بێ ڕۆڵكردنی په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌ی یاسایی؛ ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مان ده‌گوزه‌رێت له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتییه‌وه بڕیاری پێشوه‌خته‌ی لێ دراوه." له‌وباره‌یه‌وه نموونه‌ی به كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له ساڵی 2008 هێنایه‌وه، كه چۆن پاش گفتوگۆیه‌كی زۆر له‌سه‌ر پرۆژه یاسای باری كه‌سێتی، دواجار سه‌رۆكی حكومه‌ت پێی ڕاگه‌یاندوون، چاره‌سه‌ری ئه‌و بابه‌ته ئاسانه و خۆی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان داده‌نیشێت و كۆتایی پێده‌هێنێت.
پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌نێوان گرنگی و نائومێدیدا
سه‌باره‌ت به گرنگی هه‌ڵبژاردن و ڕێژه‌ی به‌شداربوون له ده‌نگداندا (د. میران حوسه‌ین) مامۆستای زانكۆ و نوێنه‌ری دامه‌زراوه‌ی په‌ی؛ ئاماژه‌ی به ناڕاستی ئه‌و ڕێژه به‌شدارییه كرد، كه باس ده‌كرێت، به‌ڵكو پێیوایه ڕێژه‌ی به‌شداربوون زۆر له‌وه كه‌متره. هه‌روه‌ك تیشكی خسته سه‌ر هۆكاری پاشه‌كشه‌ی پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، به‌تایبه‌ت نائومێدبوونی خه‌ڵك له ناكارایی و ئه‌دای خراپی نوێنه‌رانی ئۆپۆزسیۆن له كاتی به‌شدارییان له حكومه‌تدا. "واقیع دیاره، كه پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كان كه‌سانێكیان ناردووه‌ته په‌رله‌مان، كه به هیچ جۆرێك شیاوی ئه‌و جێگایه نه‌بوون، ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه‌ی په‌ی، به خوله‌ك و چركه بۆی هه‌ژماركردوون، كه چه‌ندێك قسه و به‌شدارییان هه‌بووه؟ هه‌ربۆیه به‌شێك له شكستی ئۆپۆزسیۆن ئۆباڵه‌كه‌ی به ئه‌ستۆی خۆیان و نوێنه‌ره‌كانیانه له په‌رله‌مان و له حكومه‌ت."
هه‌روه‌ك (د. ڕێبوار ڕه‌ئوف) پێیوایه خاڵێكی تری لاوازی ئۆپۆزسیۆن نه‌بوونی ئایدۆلۆژیایه‌كی ڕوون و به‌رنامه‌یه‌كی ڕوونی نه‌بووه، جگه له‌وه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌م پارته ئۆپۆزسیۆنانه هه‌ڵقوڵاوی نێو جه‌ماوه‌ر نین، به‌ڵكو كاردانه‌وه و به‌رهه‌می توڕه‌بوونێكه له به‌رانبه‌ر پارتێكی گه‌وره‌تر كه پێشتر خۆی به‌شێك بووه لێی.
به‌رده‌وامی قه‌یرانه‌كان و كاریگه‌رییه هه‌رێمایه‌تییه‌كان
سه‌باره‌ت به ڕه‌هه‌نده هه‌رێمایه‌تییه‌كانی به‌رده‌وامی قه‌یرانه‌كان و پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت و چه‌قبه‌ستوویی سیاسی زۆرینه‌ی به‌شداربووان هاوڕابوون له‌سه‌ر كاریگه‌ری زۆری سیاسه‌تی وڵاتانی دراوسێی هه‌رێمی كوردستان و هاوكێشه هه‌رێمایه‌تییه‌كان له‌سه‌ر پرسه ناوخۆییه‌كان. به‌تایبه‌ت، كه ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌كێتی له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیان و ده‌ستگرتن به به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانیانه‌وه هه‌میشه ئاماده‌ن سازش له‌سه‌ر پرسه نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كان بكه‌ن.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره (د. ڕێبوار ڕه‌ئوف) ئه‌كادیمیست و شاره‌زای سیاسه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاماژه‌ی به هه‌ڵه‌ی سیاسییه‌كان كرد، كه "خۆیان به پسپۆڕ و شاره‌زا له هه‌موو بواره‌كان ده‌كه‌ن و هیچ ئه‌رزشێك بۆ كه‌سانی پسپۆڕ و ئه‌كادیمی و توێژینه‌وه زانستییه‌كان دانانێن، هه‌ربۆیه ناتوانن سیسته‌می حكومڕانی له‌م هه‌رێمه به دامه‌زراوه‌یی بكه‌ن." له‌لایه‌كی تره‌وه پێیوایه "نه‌بوونی ئه‌كادیمیایه‌كی چالاك كه بتوانێت خوێندنه‌وه‌ی قوڵ و ستراتیژی بۆ كۆمه‌ڵگا و سیاسه‌ت بكات، یه‌كێكی تره له كێشه‌كان؛ چونكه گه‌ر بمانه‌وێت له دۆخی چه‌قبه‌ستوویی و كاره خراپه‌كانی پارتی و یه‌كێتی تێبگه‌ین، پێویستمان به خوێندنه‌وه‌یه‌كی سۆسیۆلۆژیانه‌یه نه‌ك سیاسیانه، پێویسته له كۆمه‌ڵگاوه هه‌وڵی تێگه‌یشتن له‌م پرسانه بدرێت."
سه‌باره‌ت به مانه‌وه‌ی پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و ئه‌و ده‌نگانه‌ی له هه‌ڵبژاردندا به‌ده‌ستی ده‌هێنن، د. ڕێبوار ڕه‌ئوف؛ سێ هۆكاری سه‌ره‌كی دیاری ده‌كات. "ئه‌م پارتانه قوربانیان هه‌یه، واته كه‌سانێك كه لایه‌نگر و ئه‌ندامی ئه‌م پارتانه‌ن شه‌هید و قوربانیان هه‌یه، بۆیه گه‌ر پارته‌كه‌ش وازبهێنێت ئه‌م خه‌ڵكانه واز ناهێنن و ده‌ستی پێوه ده‌گرن. هۆكاری دووه‌م، بوونی ده‌سه‌ڵات و پاره و پۆسته كه خه‌ڵكانێكی زۆر لێیان سوودمه‌ندن. خاڵێكی تر په‌یوه‌ندی به ناهۆشیاری خه‌ڵكییه‌وه هه‌یه، چونكه (هۆشیاری هێزه)، هێزێك كه ئۆپۆزسیۆن نه‌یتوانیوه به باشی كاری له‌سه‌ر بكات."
له‌گفتوگۆی نێوان به‌شداربووانه‌وه جۆرێك له نائومێدی به‌رانبه‌ر به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌دیده‌كرا، هه‌ربۆیه به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی سبه‌ی ڕووی پرسیاری ئاراسته‌ی (ئارام جمال) به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای كوردی بۆ هه‌ڵبژاردن كرد؛ به‌وه‌ی ئایا هێشتا ئومێدێك ماوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ گۆڕانكاری ببینین؟ له‌وه‌ڵامدا (ئارام جمال) پێیوابوو؛ هه‌ڵبژاردن هه‌میشه گرنگی و بایه‌خی تایبه‌تی خۆی هه‌یه "هه‌ڵبژاردن لای من هه‌میشه بابه‌تێكی گرنگ بووه‌و به شاڕێی گۆڕانكاری ده‌بینم، له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ڕاسته كه‌موكورتی هه‌بووه، ساخته‌كاری، ده‌نگ كڕین و جۆره‌ها كاری نایاسایی هه‌بووه، به‌ڵام له ئێستادا گۆڕانكاری باش له پرۆسه‌كه‌دا كراوه؛ به‌تایبه‌ت لابردنی ناوی دووباره و ناوی مردووان. ئه‌مه‌ش زۆر گرنگه، چونكه ئێستا له عێراقدا لیستێكی ده‌نگده‌رانی باش له‌به‌رده‌سته و كاری پێده‌كرێت." سه‌باره‌ت به گرنگی دامه‌زراوه‌یه‌كی وه‌ك په‌رله‌مان كه به‌رهه‌می ده‌نگی هاوڵاتیانه، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای هه‌ڵبژاردن پێیوایه "په‌رله‌مان بۆ ئێمه‌ی كورد، گوزارشته له سه‌روه‌ری، چونكه ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونێكی فه‌رمانڕه‌واییمان هه‌یه، به‌ڵام خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت نین. هه‌ربۆیه نابێت و ناشێت كه‌م بایه‌خ لێیبڕوانین."
له‌به‌شێكی تری گفتوگۆكه‌دا (مه‌ریوان حه‌مه عه‌لی) كادیری پێشكه‌وتووی پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان ڕای وایه پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی لۆژیكیانه و بابه‌تیانه قسه له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه بكرێت. "سه‌رباری هه‌موو تێبینی و ڕه‌خنه‌یه‌ك له ئه‌زموونی حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هێشتا زۆرینه‌ی هاوڵاتیان متمانه‌یان به پارتی و یه‌كێتی زیاتره، تا حزبه‌كانی تر." ده‌رباره‌ی هۆشیاری سیاسی تاك له هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌ره‌كه‌ی پارتی پێیوایه "ئاستی هۆشیاری تاك له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان له ماوه‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی كوردستان تا ئه‌مڕۆ گۆڕانێكی گه‌وره و چۆنێتی به‌سه‌ردا هاتووه." له‌لایه‌كی تره‌وه سه‌رنجی خسته سه‌ر بۆچوون و بڕوای پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر بوونی په‌رله‌مان، كه حزبه‌كه‌ی "په‌رله‌مان به سیمبوڵی شه‌رعییه‌ت ده‌زانێت."
له‌كۆتایی مێزگرده‌كه‌دا، ئاماده‌بووان جه‌ختیان له گرنگی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت كرده‌وه له نزیكترین كاتدا، هاوكات ئۆباڵی خراپی دۆخه‌كه‌یان به پله‌ی یه‌كه‌م خسته ئه‌ستۆی (پارتی و یه‌كێتی) وه‌ك ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌م له هه‌رێم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م دوو پارته ئه‌وه نییه، كه ده‌بینرێت. له‌وباره‌یه‌وه ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی پێیوایه "قه‌باره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی پارتی و یه‌كێتی ئه‌وه نییه كه له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات و هێزیان لێ بكه‌یته‌وه، قه‌باره‌ی ڕاسته‌قینه‌یان ئه‌وه‌یه، كه پارتی له سلێمانی و یه‌كێتی له هه‌ولێر له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ده‌ستی ده‌هێنن." دواجار زۆرینه‌ی ئاماده‌بووان نائومێدی خۆیان له گۆڕانی ئه‌و دوو پارته ده‌سه‌ڵاتداره دووپات كرده‌وه، هه‌ربۆیه جه‌ختیان له كاری پێكه‌وه‌یی لایه‌نه‌كانی تر و هه‌وڵدان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری سیاسی هاوڵاتیان كرده‌وه، له‌پێناو گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی كوردستان.