له‌كارێكی هاوبه‌شی نێوان (ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی سبه‌ی) و (سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی كار)ی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی، مێزگردێكی زانستی ئه‌نجامدرا. مێزگرده‌كه له ڕێکەوتی 2024/10/3 لە ئۆفیسی سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەڕێوەچوو؛ كه تێیدا هەریەک لە بەڕێزان مامۆستا (ئەیوب کەریم) بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی کار لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و مامۆستا (شادمان قادر صاڵح) سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیای داتابەیس لە کۆلێجی تەکنیکی ئینفۆڕماتیک، شێرکۆ عبدالرحمن نوێنەری کۆمپانیای ئاسیاسێل و (لەنیا ئیبراهیم، ڕەنیا ئاوات، ڕێناس حه‌مەکریم) له ستافی توێژه‌رانی ناوه‌ندی توێژینەوەی سبەی و ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بەشداربوون.
لە دەستپێکی مێزگردەکەدا (لەنیا ئیبراهیم) توێژه‌ر له ناوه‌ندی سبه‌ی، ئاماژەی بە ئامانج و گرنگی مێزگردەکە کرد و ڕایگه‌یاند ده‌ره‌نجامی مێزگردەکە دەکرێتە ڕاپۆرتێکی زانستی و لە ئایندەدا بڵاودەکرێتەوە. پاشان مامۆستا ئەیوب ئاماژەی بە گرنگی سەنتەری پەرەپێدانی کار کرد لە ئامادەکردنی خوێندکاران بۆ بازاڕی کار و هەوڵەکانی سەنتەری CDC لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەو بوارەدا بەداتا خستەڕوو.
دواتر بەڕێز شێرکۆ عبدالرحمن نوێنەری کۆمپانیای ئاسیاسێل ئاماژەی بە کێشەو گرفتەکانی دەرچوانی زانکۆکان کرد بە تایبەت لەڕووی ئەو زانستەی کە ئێستا لە زانکۆکان دەخوێنددرێت هاوتا نییە لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە.
له درێژه‌ی مێزگرده‌كه‌دا ئاماده‌بووان گفتوگۆیه‌كی چڕیان له‌سه‌ر گرنگی سه‌نته‌ره‌كانی په‌ره‌پێدانی كار و پرۆگرامه‌كانی په‌ره‌پێدانی تواناكانی خوێندكاران كرد، به‌تایبه‌ت خوێندكارانی بەشداربوو، كه بە سەرنج و تێبینییەکانیان گفتووگۆکەیان دەوڵەمەندتر کرد.
شیکاریی:
بەرنامە و دەستپێشخەرییەکانی ناوەندەکانی CDC کەلێنەکانی پرۆگرامی زانکۆكانیان ئاشکرا کردووە؛ سەنتەری پەرەپێدانی پیشەیی (CDC) خزمەتگوزاری جۆراوجۆر پێشکەش بە خوێندکاران دەکات، لەوانە hard skills، زمان و soft skills، لە ڕێگەی سمینار و وۆرک شۆپ و دەرفەتی مەشقکردن، کە یارمەتیان دەدات له به‌رزكردنه‌وه‌ی تواناکانیان. له‌وباره‌یه‌وه بەڕێز ئەیوب کەریم، بەڕێوەبەری CDC لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ڕایگه‌یاند؛ لە سەرەتای دامەزراندنی سه‌نته‌ره‌كه‌وه لە ساڵی 2015، بەشداریکردنی خوێندکاران لە پرۆگرامەکانی مەشقکردندا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە ساڵی 2015-2016، کە ساڵی یەکەمی سەنتەری پەرەپێدانی کارە، تەنها 16 خوێندکار و یەک کۆمپانیامان هەبوون. به‌ڵام تا ساڵی 2021-2022 نزیکەی 230 خوێندکار و 40 کۆمپانیا بوونیان هه‌یه. هه‌روه‌ها ساڵی ڕابردوو (2022-2023)، 782 خوێندکار مەشق و ڕاهێنانیان وەرگرتووە”. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ زیادبوونی دەرفەتەکانی به‌رده‌م خوێندکاران بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون و شاره‌زایی لە ژینگەی کارکردنی ڕاستەقینەدا.
لە میانی گفتوگۆیەکی مێزگرده‌كه‌دا شێرکۆ عەبدولڕەحمان، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌رچاوه مرۆییه‌كانی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، تیشکی خستە سەر حاڵەتێک، کە دەرچوویه‌كی خاوه‌ن لێهاتوویی بەرز، سەرەڕای بوونی زانیاری تەکنیکی نایاب، بەڵام گرفت و لاوازی له به‌شێك له كارامه‌ییه‌كاندا هه‌بووه، به‌تایبه‌ت كارامه‌یی چاوپێكه‌وتن. ئەم کەموکوڕیانه‌ش بووە هۆی ئەوەی کاندیدەکە لەنێو کاندیدەکانی تردا دەرفەتەکە لە دەست بدات.
ناوه‌نده‌كانی په‌ره‌پێدانی كارامه‌یی و گه‌شه‌پێدانی تواناكانی خوێندكاران، دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە بەرزکردنەوەی كارامه‌یی خوێندکاران لە ڕێگەی چالاکی و پڕۆژەی ڕێکخراوەوە. ئەم دەستپێشخەرییانە كه‌شێك ده‌خوڵقێنن، کە خوێندکاران بتوانن پەیوەندی پیشەیی دروست بکەن و کارامەییەکانی پەیوەست بە پیشەکەیان وردتر بکەنەوە و خۆیان بۆ بازاڕی كار ئامادە بکەن. خوێندکارێکی کۆلێژی پلانسازی شار لە زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، کە چۆن بەشداریکردن لە وۆرک شۆپ و سیمینارەکانی CDC، لەگەڵ دەرفەتی كاری خۆبەخشی، یارمەتی باشترکردنی کاری به‌گروپ و توانای پەیوەندیکردنیان داوە. كاری خۆبەخشی دەرفەتێکی بەنرخە، کە پێویستە CDC بیر لە فراوانکردنی بکاتەوە، چونکە زۆرێک لە خۆبەخشەکان ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، کە سه‌نته‌ری ڕاهێنان و گه‌شه‌پێدان، بەشدارییەکی زۆری کردووە لە گەشەکردنی کەسی و پیشەییاندا.
هه‌روه‌ك خوێندکاران ئاماژەیان بەوەدا؛ بەشداریکردنیان لەگەڵ CDC یارمەتیده‌ر بووه پەیوەندی و ئاشنایی لەگەڵ کۆمپانیاکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان دروست بکەن.
لە کۆتاییدا، بوونی سه‌نته‌رێكی ڕاهێنان و گه‌شه‌پێدانی كاریگه‌ر لەناو هه‌ر دامەزراوەیەکدا دەتوانێت ئامادەیی خوێندکاران بۆ بوون به هێزی کار، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە.
پێشنیارەکان: