به ئامانجی گفتوگۆكردن و تاوتوێكردنی گرنگی و بایهخی ژیریی دهستكرد (Artificial Intelligence) و كاریگهرییهكانی لهسهر سێكتهره جیاوازهكانی كۆمهڵگا، ناوهندی توێژینهوهی سبهی له ڕێكهوتی (06/06/2024) گفتوگۆیەکی کراوەی بەسەرپەرشتی 'د. نەوزاد جەمال'، بۆ شارەزایانی بواری تەکنۆلۆجیای زیرەک رێکخست.
بەگشتی، بۆچوونەکان لەسەر دوو لایهنی کاریگەری ژیریی دەستکردبوون: مەترسییەکان و دەرفەتەکان. لەگەڵ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بەکاربەری راستەوخۆی ئامێرە زیرەکەکانن، بەڵام هێشتا وەک پێویست سوودی لە تایبەتمەندییەکانی ئەو ئامرازانە وەرنەگرتووە. نزمی ئاستی هۆشیاری و نهبوونی زانیاری پێویست لهو بارهیهوه، بهشێكی پهیوهندی به نهبوونی وانهی تایبهتهوه ههیه لە سیستمی پەروەردەو خوێندنی ئێمهدا.
لەمڕۆدا کۆمەڵگهی كوردی هیچ بژاردەیهكی (ڕەتکردنەوە، یان پەسەندکردن)ی ئەو گۆڕانکارییە جیهانییەی نییە. بهڵكو تەنها دەرفەتێک ههبێت، مهلهكردنه به ئاراستهی شهپۆلهكان، به واتایهكی تر، ڕێكردنه له تهك ڕهوتی پێشکەوتنەکاندا. كه ئهمهش بهبێ هەبوونی زانیاری و هۆشیاری پێویست بێ ئاكام دهبێت.
ههربۆیه پێویستمان به تێگهیشتن و ڕوانینێكی فراوان له ڕەهەندە جیاوازهكانی ژیری دەستکرد و تەکنۆلۆجیای نوێ، ههیه. هاوكات پێویستە سیاسەتی بەکاربردن و پاراستنی مافی بەکاربەر و ئاسایشی نیشتمانی و مەدەنی گەڵاڵە بکرێت. بۆ ئهو مهبهسته، پێویسته ههر لە پەروەردە و خوێندنی زانستییەوە، تا دەگات به بەڕێوەبردنی سێکتەرە هەستیار و بوونیادییەکان، بۆ ئەم گۆڕانکارییە گرنگ و حهتمییه ئامادەبکرێن.
بەشداربووەکان:
- هیوا زێرە: نووسەر و لێکۆڵەری پەروەردەیی
- ڕاڤی هۆرین: دەرچووی زانکۆی ئەمریکی و کارمەند لە سبەی میدیا و بەرێوبەری دێسکی AI
- کاردۆ عوسمان: مامۆستا لە زانکۆی چەرمۆ، هەرڵگری بروانامەی ماستەر لە بواری AI و پەروەردەدا
- سیما: ستافی زانکۆی قەیوان ی نێودەوڵەتی، بەشی ئەندازیاری سۆفتوەیر
- کارزان فاروق: خوێندکاری ماستەر لە ژیری دەسکرد لە وڵاتی ئێران، خاوەن کۆمپانیای تەکنەلۆجی
- ڕێبوار علی: شارەزاو ئەکادیمیست لە سێکەتەری کشتوکاڵ و رۆبۆتین
- باوان: دەرچووی بەشی ئەندازیاری سۆفتوەیر لە زانکۆی سەلاحەدین
- نەوزاد جەمال: توێژەر - ناوەندی سبەی (بەرێوبەری پانێڵەکە)
ئالنگارییەکان:
- بەکاربەر بەهۆی نەبوونی شارەزایی پێوستی لە بەکارهێنان، زۆرجار تێدەکەوێت. بەڵام ناکرێت ئەمە وەک هەڕەشە سەیر بکرێت و رێگری لێبكرێت و نەبوونی زانیاریی و هۆشیاریی وەک ئالێنگاریی فێربوون دابنرێت. چونكه ههوڵی فێربوون و شارەزابوون لێی بە سوودی کۆمەڵگا و ژیانە.
- لە بواری پەروەدە و تەندروستی و تویژێنەوەدا، دەکرێ ژ.د. وەک ئامراز و پێداویستییهكی ژیان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئاشكرایه مەترسی فەرامۆشکردن و پهراوێزخستنی تایبەتمەندی ژیانی تاك و خێزان و منداڵ هەیە. یان مهترسی لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵادا بۆنموونە (Chat GBT) دهكرێت وەک رێگەیەکی گزیکردن بهكاربێت. یاخود لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زانیاری نادروست و ساختەو چهواشەکەر لهسهر ههر بابهتێك بڵاوبكرێتهوه.
- لەبەرئەوەی -مێنتاڵیەتی- بیر و هزر و کولتور و فەرهەنگی لە شێوازی بەکاربەردا رەنگدەداتەوە. بۆنموونە لە ڕووی بەرپرسیارێتییەوە بەرامبەر ئەوانیتر و ئامرازەکان، بەگشتی تاکی كورد هۆکارەکە ناخاتە سەر خۆی. سەروەختێك بەهۆی زۆری کەیسەکانی جیابوونەوە لە دادگا، هۆکارەکەی بۆ فەیسبوک دەگێڕدرایەوە، واتە، بەرپرسیارێتییەکە دەخرێتە ئەستۆی ئامرازەکان -ئەپەکە- یان مۆبایلهكه. لەکاتێکدا، له ڕوانگهی زانستییەوە هۆکاری جیابوونەوەکە خودی ئامرازەکە نییە، بەڵکو ڕێخۆشکەری لێکترازانەکە بووە.
- نەبوونی سیاسەتی چاودێریکردن/سەرپەرشتیکردن (Cyber policy) لەسەر منداڵ، خوێندنگە، میکانیزمی چوونە ناو تۆڕەکان و کردنەوەی ئەپەکان. شۆڕشی تەکنۆلۆجی لە وڵاته پێشکەوتووەکاندا هاوتەریبە لەگەڵ میکانیزمەکانی بەکارهێنان و سیاسەتی پەخش و گەیاندن. دەوڵەتان سیاسەتی پەروەردە و ئاراستەکردنی تۆڕەکان و ژ.د، فلتەرکردنی بەرفراوانیان هەیە وەک میکانیزمی پاراستنی منداڵ. لێره زۆرێك له دایبابان وا بیر دهكهنهوه، كه ئامێرێك بۆ مناڵەکەیان بكڕن، ئیدی بەسەلامەتی دابنیشێت، لهكاتێكدا نازانرێت چۆن له كوچه و کۆڵانهكانی ئینتهرنێتدا بزر دهبێت؟
- له ئێستادا نەوەی نوێ (منداڵ و مێرد منداڵ) بەراورد بە دایبابهكان، زۆر چاوکراوەترن. ههربۆیە پێویسته (Cyber Security) هەبێت و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئاسایشی ئاسمانی و جوڵەی فڕۆکە و درۆن، ئاسایشی داتای دامەزراوەکان لە بانکێکی زانیاریدا پارێزراوبن. لەڕووی سیستەمی بانکییەوە زۆر لاوازین، لهكاتێكدا ئهگهری به ئهلیكترۆنیكردنی مووچه له ئارادایه؛ له دۆخێكی ئاوادا، چۆن خۆت لە پەلاماری ئەلیکترۆنی و دزینی پارهو داتاكانت دەپارێزیت؟
- ئەگەر بڕیاربێت، ژ.د. و بابەتە هاوشێوهكانی له پرۆگرامی خوێندندا جێی بكرێتهوه، پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا تۆ ژێرخانی ئامادەکراو و لۆجستیکیت هەیە؟ مامۆستای پسپۆڕ و ڕاهێنراوت هەیە، کە بابەتی رۆبتینگ بڵێتەوە؟ ئایا لەسەر شێوازە کۆنەکە تەنها مێژووی زانستەکە، یان بابەتی سادە و پێدانی زانیاری ڕووكهش بێت به خوێندكاران؟ یاخود پرۆگرامهکە تەنها بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەبێت، یاخود نەوەیەکی پێگەیشتوو کە ببێتە کادری زانستی بوارەکە؟ ئایا هۆشیاركردنهوه تەنها لە میدیادا چڕ بكرێتهوه، یان سیمینار و خولی ڕاهێنان و کۆنفرانس و هتد...؟
- هەندێک پێیوایە، لە ئێستادا ناتوانین پشت بە ژ.د. ببەستین، بۆ نموونە بیكهین به سەرچاوەی توێژینەوەی نەخۆشخانەیەک، یاخود سەرچاوەی توێژینەوەیەکی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون، چونکە هێشتا وهك پێویست زیرەک نەبووە. ئێستا هەموو کورد دەزانێت ئاڵای کوردستان چۆنە، بەڵام هەڵمەتێکی فراوان له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان كرا و بەزۆر ژ.د. فێرکرا، کە ئاڵای تاجیکستان هی کوردستانە. لەم قۆناغەدا بۆ بەکاربەری ئاسایی ژ.د. وەک پێویست زیرەک نییە، چونكه چ داتایەکی بدەیتێ، هەر ئەوەت بۆ پرۆسیس دەکات.
- لەبواری کشتوکاڵدا، تەنها درۆن یان ژ.د. گرنگ نییە، بەڵکو رۆشنبیری و ڕازیكردن و تێگهیاندنی جوتیارەکانە کە بۆچی ئەو ئامێرە بەکاربهێنن. بەتایبەت نەوەی ئێستا کشتوکاڵی ناکات و ئەوەی پێشووتر هەر لەسەر شێوازە دێرینه کوردەوارییەکە راهاتووە و تا ڕادهیهكی زۆر باوەڕی بەم گۆڕانکارییانە نییە.
دەرفەتەکان
- دەکرێت له ڕێی ئەپلیكهیشنهكانهوه سیستمی تەندروستی نەخۆشخانەکان پێشبخرێت. لەو لایهنهوه دەرفەتی باش بۆ سیستمی تەندروستی هەرێم هەیە، هەر لە تۆمارکردنی 'داتای نەخۆش' لە تۆماری گشتی-ریکۆرد- کە دەوڵەمەند بێت بە زانیاری و پاشخانی نەخۆشەکە، لەڕووی خێزان، سەربوردەی نەخۆشییە درم و درێژخایەنەکان، هتد..
- خوێندنی بابەتی .ژ.د. و رۆبۆتینگ. بەڵام پێویسته بیر لهوه بكرێتهوه كه لەژێر چ ناو و پرۆگرامێکدا جێی بکەینەوە؟
- پێویستە، بە ڕاپۆرت دامەزراوە حکومییهكان و لایهنی پهیوهندیدار، لەکاریگەریی و پێویستیی ئاگاداربکرێنەوە.
- ژ.د. شتێك نییه بتوانی به یهك ههنگاو و بهیهكجار بەکاریبهێنیت و بیخەیتە ناو پرۆگرامی قۆناغێکی خوێندنەوە، بهڵكو پێویسته لە شوێنێکدا دەستپێبکەیت. لەڕووی زانستی و دەروونناسی پێداگۆجیشەوە، پێویسته لە پرۆگرامەکانی سەرەتای خوێندن دەستپێبکەیت، بێگومان به ڕهچاوكردنی تەمەن و دابەشکردنی ناوەڕۆکەکەی بۆ هەر قۆناغێک کە لەگەڵ پێگەیشتنی هزریی منداڵدا بگونجێت.
- پێویستە حکومەت پلانی تایبهتی ههبێت بۆ پەرەپێدانی توانا و لێهاتوویی کادر و کرێکاری سێکتەرە جیاوازەکانی وەک کشتوکاڵ، ئهوهش لە ڕێگهی ڕاهێنان و مەشقپێکردنەوە، کە چۆن و بۆچی سوود لە ژ.د. وەربگیرێت و چەندیش لەخزمەتی بهرزكردنهوهی کوالێتی بەرهەم و زیادكردنی قازانجدایە.
- ئاگاداربوون و خۆئامادەکردن بۆ قۆناغێکیتری سیاسەت و ململانێ. ئێستا رکابەری لە نێوان دوو زلهێزدایە لەسەر ژ.د. جگەلەوەی ئەو ڕکابەری و ململانێیە بەئاشکرا لە عێراق و هەرێمدا هەستپێدەکرێت؛ بەتایبەت لەنێوان كونسوڵگهرییهكانی وڵاتانی ئەمریکا و چین. سیاسەتی دەرەوەی چین وایە، کە پاڵپشتی له کەرتی کشتوکاڵی ههرێمی كوردستان بکات، لهو چوارچێوهیهدا بازاڕی هاوردەکردنی درۆنی کشتوکاڵی ئاوهڵا كردووه! بەڵام، ئەمریکا به ئاسانی ڕێگا نادات ئەوە سەربگرێت. چونكه لە بابەتی (GPS)دا، وڵاتێکی وەک عێراق، یان ئێران ئەو سیستمە لە دەستی خۆیاندا نییە!
- ئاسمان و بەرگری: لە عێراق چەندین جۆری 'درۆن' هاوردە دەکرێت و تۆمار ناکرێن! تەنانەت حکومەتیش ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات، لەبەرئەوەی لێی نازانێت! لەکاتێکدا وڵاتێکی وەک تورکیا درۆنی خۆی بەرهەمدەهێنێت. له سێكتهری فڕۆکەوانیدا، هەموو وڵاتانی جیهان ستاندارێكیان هەیە، واتە هێڵێکی تۆمارکراوی فڕین. بەڵام تورکیا جۆرێکی درووستکردووە، کە توانای فڕینی لەسەرووی ئەو هێڵە ستانداردەوەیە و لەو هێڵە جیهانییەش تۆماری نەکردووە. تەنها، خۆی دهزانێت چۆن دهفڕێت!
- جەنگی داتا و زانیاری و گلدانەوەی داتاکان کە بۆ ژ.د. پێویستە کار بکات. ئایا سەرچاوەی داتای ئەمریکی یان چینیت دەوێ؟ هەڵبەت، ژ.د. ئەلگۆرتیزمە، کۆدی یەکخراوە. بهوهۆیهوه ژ.د. هەڵدەستێ بەلێکدانی داتاکان و شرۆڤەکردنیان. ههربۆیە، ئەگەر داتا و زانیاری ناڕاستی بدەیتێ، ئەنجامی ناڕاستی لێدەکەوێتەوە. لێره پرسیارهكه ئهوهیه، کە چ داتایەکی دهدرێتێ؟ ئێستا هەریەک لە کۆمپانیاکانی مێتا و گۆگڵ و سامسۆنگ لە ویلایهته یهكگرتووهكانی ئەمریکا ئازادن و بهكارهێنهریش دهتوانێت هەموو شتێکی ئەو کۆمپانیایە لەبەرامبەر بڕێك پارە بەکاربهێنییت. حكومهتی ئەمریکا لە ههوڵی بهردهوامدایه بۆ ئهوهی بەتەواوەتی تۆڕی كۆمهڵایهتی 'تیکتۆک' دابخات. چونكه حکومەت هیچ كۆنترۆڵ و ڕێگهپێدانێكیان بۆ داتاکانی نییە. تەنانەت بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و زانیاری نادروست لە ناو ئەمریکادا رێپێدراوە. جگه لهوهی نە حکومەتی ئەمریکی و نە هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ بهكارهێنهرانیدا بکات، لهكاتێكدا گهر لە فەیسبوکدا بابەتێکی ساختە -فەیک- دابنێی، ڕاستهوخۆ رێگریت لێدەکرێت و دهسڕدرێتهوه.