پێشەکی:
دیمۆگرافیای هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی 65٪ی دانیشتووانەکەی لەخوار تەمەنی 30 ساڵین، پارادۆکسێکی سیاسی دروستکردووە؛ كه دەرفەت و مەترسیش لەخۆ دەگرێت!. ئهم ژمارهیه لەڕووی تیۆرییەوە، پێویسته ببێتە هاندەر و داینەمۆی گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی سیاسی؛ لەكاتێكدا له واقعی هەرێمی كوردستاندا بووەتە هۆکاری چهقبهستوویی و بەستەڵەکی پێگه و دۆخی سیاسی و حوکمڕانی!
پرسیاری ئەوەی؛ بۆچی دیمۆگرافیای هەرێمی کوردستان، سەڕای گەنجی پێکهاتەکەی بە ڕێژەی دوو لەسەر سێی کۆی دانیشتوانەکەی، ناتوانێت پشتگیریی سیاسەتێکی جددی ڕیفۆرمخوازیی و ستراتیژیی بکات؛ گرنگترین پرسیارە لەڕووی تیۆریی و کردارییەوە، لهپێناو تێگەیشتن لە کۆنتێکست و داینامیکی سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا! ئەم پرسیارە نەک تەنها کاریگەری لەسەر ئایندەی سیاسی هەرێم دهبێت، بەڵکو ڕوونکەرەوەی ئەو ناکۆکی و پارادۆکسەیە، کە لەنێوان توانست و ئامادەیی دیمۆگرافی و واقعی سیاسیدا هەیە.
لەم شیکارییەدا، هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی چوارچێوەیەکی تیۆری و کردەییەوە، شیكاریی بۆ هۆکارە (پێکهاتەییەکان- بونیادییهكان، کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان) بكهین، کە دەبنە هۆکاری ئەوەی بۆچی ئەم دیمۆگرافیایە گەنجە، ناتوانێت ببێتە هێز و پایهی گۆڕانکاری سیاسی. لهوبارهیهوه دهشێت یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان (سیستەمی بهرخۆری)بێت (Rentier System) لە هەرێمی کوردستاندا. ئەم سیستەمە، بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بەستووە بە داهاتی نەوت و هەناردەکردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم. سهرهنجام بونیادێکی ئابوری وای دروستکردووە تیایدا زۆربەی دانیشتووان (بهتایبهت گەنجان)، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ پشت بە حکومەت ببەستن!
هێزی كاری گهنج و واقیعی حاڵ:
وابەستەیی ڕاستەوخۆ: دواهەمین ڕاپرسی ناوەندی توێژینەوەی سبەی سەبارەت بە تێڕوانینی هاوڵاتیان بۆ کار و بێکاری، دەریدەخات نزیکەی 70٪ی هێزی کاری گەنج لە هەرێمی کوردستان ئامانجی کارکردنە لە کەرتی حکومی، یان کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانی ئەم کەرتە! ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە؛ ئایندەی ئابوری ئەم پێکهاتە فراوان و کاریگەرەی دانیشتوانی هەرێم، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە بەردەوامی و کارایی سیستەمی ئێستاوە.
وابەستەیی ئابوری ناڕاستەوخۆ: ئەو كهسانهی، یان ئەو گەنجانەی لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن، زۆرینهیان پشتیان بە بازاڕێک بەستووە، کە لەسەر بنەمای خەرجی حکومی وەستاوە. واتا هەر گۆڕانکاری، کورتهێنان، یان شڵەژانێک لەم سیستەمەدا ڕووبدات، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ئابوری و داهاتی ئەو بەشەی کۆمەڵگاش دەبێت!
یەکێکی دیکە لە هۆکارە پێکهاتەیی- بونیادییهكانی ئەم پارادۆکسی سیاسەت و دیمۆگرافیایهی له هەرێمی کوردستاندا دهبینرێت؛ نەبوونی بازاڕی کاری سەربەخۆ و بەهێزە. کەرتی تایبەت، کە پێویسته خۆی ببێتە داینەمۆ و بونیادی سەربەخۆیی ئابوری و بزوێنەری چاكسازی و بوژانهوه و گۆڕانکاری لە هەرێمدا، یان زۆر لاوازە، یان بە تەواوەتی پشتی بە حکومەت بەستووە! دواجار کاریگەری ئەم دۆخەش دەبێتە هۆی:
کەمیی دەرفەتی کاری جیاواز: گەنجان دەرفەتی کەمیان لەبەردەمدایە بۆ کارکردن لە کەرتە جیاوازەکاندا؛ ئەمەش سنووری بیرکردنەوە و ئەزموونی ئەوان دیاری دەکات و کاریگەری ڕاستەخۆی لەسەر تێگەیشتنی ئەو پێکهاتەیە بۆ داینامیکی سیاسەت و حوکمڕانی وڵات ههیه.
نەبوونی چینی کاسبکاری سەربەخۆ: چینی کاسبکاری سەربەخۆ، لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا، هەڵگری بیرکردنەوەی ڕیفۆرمخوازییە. پێگە ئابورییەکەی کردوویەتی بە خاوەن پێگەیەکی ئەقڵانی و شوێندهستی دیاره لە ئاراستەکردنی سیاسەت و حکومڕانیدا. ههر لە چوارچێوەی یاسا و دەستوریشدا، ئیدارەی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدات؛ بهڵام لە هەرێمی کوردستاندا، ئەم چینە، یان زۆر لاوازە، یان لە گیرفانی دەسەڵاتدایە، كه لە هەردوو باردا، بوونی نییە!
لهلایهكی ترهوه سیستەمی دابەشکردنی سامان لە هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەک ڕێکخراوە، کە پاڵپشتیی سیاسی گرێدراوە بە دەرفەتی ئابورییەوە. ئەم سیستەمە، کە بە "کلاینتێلیزم" ناسراوە، وا دەکات گەنجەکان بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی کار، قەرز، یان خزمەتگوزاری، پێویستیان بە پاڵپشتی سیاسی هەبێت. ئەم بارودۆخەش رێگە خۆشکەرە بۆ:
نیگەرانی و ترسی تاک لە داهاتووی ئابوری خۆی: گەنجان و هاوڵاتیان بەگشتی، دەترسن لە ڕەخنەگرتن لەو سیستەمەی ئێستا، یان ترسیان لە پشتگیریکردنی گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە و نیگەرانی ئەوەن، ئەم بابەتە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەرفەتە ئابورییەکانیان هەبێت.
ئاساییبوونەوەی گەندەڵی (کۆتایی ڕیسوایی): ئەم سیستەمە كارێكی کردووە هاوڵاتی، گەندەڵی و نەبوونی شایستەسالاری وەک بەشێک لە واقعی حاڵ و ئاسایی قبوڵ بکەن.
سێندرۆمی بێهیوایی:
کۆچی دەروونی و سێندرۆمی بێهیوایی دوو ڕووی یەک دراوی دیاردەی "Alienation" (نامۆبوون)ن لەلای بەشێکی زۆری خەڵک و بەتایبەت لەناو گەنجانی هەرێمی کوردستاندا. بەجۆرێک ئەوانەش، کە ئێستا لێرە دەژین، یان دەرفەتی کۆچیان نییە، لە ڕووی دەروونی و هەستكردنهوە لهناو ئهم واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا خۆیان بە نامۆ و بێگانە دهبینن.
ئەم کۆچە دەروونییە، هاوکات لەگەڵ پارادۆکسی مانەوەی جەستەیی لە ناو وڵاتدا، دەربڕینی هەستێکی قوڵی ڕەتکردنەوەی سیستەمێکە، خەڵک خۆیان تیایدا وەک بێگانەیهك دەبینن! سێندرۆمی بێهیوایی سیاسی، وەک ئەنجامێکی ڕاستەوخۆی ئەم کۆچە دەروونییە سەریهەڵداوە، كه به تەنها ڕەنگدانەوەی شکستی ئەو خەڵکە نییە لە دۆزینەوەی کەناڵێکی کاریگەر بۆ گۆڕانکاری، بەڵکو دەربڕینی ئەو باوەڕە قووڵەیە، کە سیستەمی سیاسی لە بونیادەوە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمانە!
کاریگەریی پارادۆکسی ئەم دۆخە: بهردهوامی ئهم دۆخه لەلایەکەوە، وای لەخەڵک و گەنجی ئەم هەرێمە کردووە، پشت بە مانەوەی پاسیڤ، بهرههڵستی خودی (self-survival) ببەستێت و بۆ پاراستنی خۆی و بەدەستهێنانی هەندێک دەستکەوت، هەوڵی خۆگونجاندن لەگەڵ سیستەم بدات. لەلایەکی تریشەوە؛ ئەم خۆگونجاندنە لەشوێنی خۆیدا، دەبێتە هۆکاری قووڵبوونەوەی هەستی بێگانەبوون و بێهیوایی، كه دواجار دەبێتە بازنەیەکی بێکۆتایی ڕەتکردنەوە، خۆگونجاندن، بهرههڵستی و پەیڕەوکردن؛ كه سهرهنجام توانای خەڵک و (گەنج بە تایبەت) بۆ بیرکردنەوە و کردەی سیاسی بونیادنەرانە و ڕیفۆرمخوازیی لاواز و نابووت دەکات.
ئەنجامگیری:
شیکردنەوەی ئەم هۆکارانەی سەرەوە، پێمان دەڵێت؛ ناتوانایی دیمۆگرافی گەنج لە هەرێمی کوردستاندا بۆ پشتگیریکردنی سیاسەتی چاكسازی ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری بونیادییه، كه هەموویان پێكهوه سیستەمێکی پتەو دروست دەکەن، كه تیایدا گۆڕانکاری ڕەت دەکاتەوە، یان زۆر دوایدەخات.
ههروهك ئەم دۆخە نیشاندەری ئەو ڕاستییهیه، كه دیمۆگرافیا بە تەنها ناتوانێت گۆڕانکاری سیاسی دروست بکات. چونكه پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەیی و بونیادی هەیە لە چەندین ئاستی جیاوازدا، كه دەتوانێت ببێتە پێشمەرجی ئەم توانا دیمۆگرافییە لهپێناو گۆڕین و گواستنهوهیهكی ئامانجدار بۆ هێزێکی ڕاستەقینەی گۆڕانکاری سیاسی. پڕۆسەیەک پێویستی بە ستراتیژیی گشتگیر هەیە؛ هەر لە چاکسازیی ئابورییەوە بۆ کەمکردنەوەی وابەستەیی بە حکومەت و کەرتی گشتی، تا دهگات به بەهێزکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و چاکسازی لە سیستەمی پەروەردەیی و کردنەوەی کەناڵی جیاواز بۆ بەشداری سیاسی.