سبەی
سبەی نووسەر
25 ئاب 2024

كه‌لێن و گرفته‌ پەروەردەییه‌كانی به‌رده‌م دەرچووانی زانکۆ حكومییه‌كان له‌ شاری سلێمانی

پێشەکی

لە دنیای کێبڕکێی ئێستادا، زانکۆکان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە ئامادەکردنی خوێندکاران  بۆ بازاڕی كار، هه‌م له‌ ڕووی ئەکادیمی، هه‌م له‌ ڕووی پیشه‌یی. گه‌ر شاری سلێمانی به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین، ده‌بینین زانکۆ حکومییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە، کە کاریگەرییان هەیە لەسه‌ر ڕێگریکردن لە به‌رزكردنه‌وه‌ی توانا و كارامه‌ییه‌كانی خوێندکاران. یەکێک لە کێشە دیاره‌كان نەبوونی پرۆگرامی نوێی خوێندن و میتۆدی نوێکراوەیه‌، کە لەگەڵ خواست و پێداویستی جیهانی کارکردنی ئێستادا بگونجێت. ئەم كه‌لێنه‌ وه‌ك به‌ربه‌ستێكه‌ لەبه‌رده‌م خوێندکاران، لە بەدەستهێنانی کارامەیی پراکتیکی هاوچەرخ و دووریان ده‌خاته‌وه‌ لە بەکارهێنانی جیهانی ڕاستەقینەی کار، كه‌ ئەمەش دەبێتە هۆی گرفت لە ژیانی پیشەییاندا. یەکێکی تر لە کێشە دیارەکان نەبوونی ناوەندێکی كارا و کاریگەری خزمەتگوزاریی خوێندکارانە، به‌جۆرێك كه‌ ئەرکیان پێشکەشکردنی خزمەت و پشتیوانی سەرەکی خوێندکاران بێت بە درێژایی ساڵانی خوێندنیان. مایه‌ی نیگه‌رانییه‌، كه‌ سەنتەرەکانی گەشەپێدانی پیشەیی (CDC)ی ئێستا لە زانکۆکانی سلێمانیدا لە جێبەجێکردنی ئەو ڕۆڵانەدا  وه‌ك پێویست کاریگەر نین، ئەمەش وایکردووە خوێندکاران لە ڕێڕەوی ئەکادیمی و پیشەییاندا پشتیوانییان نەبێت. 

كێماسی لە پرۆگرامی خوێندنی زانکۆکان

قۆناغی خوێندنی زانکۆ و خوێندنی باڵا بەگشتی، ئەو قۆناغە ئەکادیمیەیە کە خوێندکاران ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ببنە دەستی کاری پیشەیی و بتوانن ئه‌ركه‌كانیان به‌ باشترین شێوه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. بەڵام دەرچووانی زانکۆ حکومییەکان لەکاتی هه‌وڵدان و گەڕان به‌دوای كار، یان ده‌ستپێكردنی کاردا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، ئه‌وه‌ش بەهۆی ئەو بۆشاییەی پرۆگرامه‌كانی خوێندن دروستیکردووە، كه‌ لەگەڵ خواستەکانی جیهانی کارکردنی مۆدێرن ناگونجێت. توێژینەوەیەکی (زانکۆی تەکنەلۆژیای سوینبورن) لە ئوسترالیا، جەخت لەو ڕاستییه‌ دەکاتەوە، کە خاوەنکار و کۆمپانیاکان بەدوای دەرچووانێكدا دەگەڕێن، کە ئامادەبن بۆ کارکردن و لانیکەم ئەو لێهاتووییانەیان هەبێت بە متمانەوە دەست بە کارەکانیان بکەن و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. ئەمەش گرنگی کارامەیی پراکتیکی لەگەڵ زانیاری ئەکادیمی تیۆری دەردەخات.

یەکێک له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی دەرچوانی زانکۆ حکومیەکان، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پرۆگرامی زانکۆکانیان ڕەنگدانەوەی پێداویستیەکانی بازاڕی کاری مۆدێرن نییە. شێوازەکانی ئێستای وانەوتنەوە و پێداویستی به‌رده‌ستی کۆرسەکان لەگەڵ ئەو داواکاریانە ناگونجێت، کە لە جیهانی کارکردنی ئەمڕۆدا پێویستە. بەگوێرەی توێژینەوەیەک، سەرۆکی پێشووی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دەڵێت "ئەو خولە ڕاهێنانانەی ئێستا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە پێشکەش دەکرێن کورتن و بە باشی ڕێکنەخراون و ئاسانکاری و کەرەستەی پێویستیان نییە". لە توێژینەوەیه‌کی تردا، کە لە گۆڤاری بەریتانی بۆ توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ڕاپرسییه‌ك له‌ناو ستافی ئەکادیمی و بەرپرسی چوار لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، بەپێی ئەم توێژینەوەیە، تەنها 15%ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە بۆچوونیان ئەرێنی بووه‌ سەبارەت بە کوالیتی سیستەمی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان.

به‌شێكی زۆری دروستبوونی ئه‌م ئاسته‌نگ و گرفتانه‌ هۆکاره‌كه‌ی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی خولی ڕاهێنانی پراکتیکی، وەک پرۆگرامی پراکتیکی و ئینتێرنشیپ، لە چوارچێوەی پرۆگرامی خوێندنی زانکۆدا. بە گوتەی هەندێک لە خوێندکارانی یەکێک لە زانکۆ حکومییەکان (لە ڕێگەی پەیوەندیەکی تایبەت، 2024)، هەرچەندە وانەی ناو تاقیگەیان هەیە؛ بەڵام لە وانەکاندا بە تەواوی ڕاهێنان ناکەن و تەکنیکەکانیش تەنها لە سلایدەکانی کە پیشانیان دەدرێن باسکراون. جگە لەوەش بەپێی توێژینەوەیەک، کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە 1031 بەشداربووی لە ڕاپرسییەکی ئۆنلاین لەخۆگرتبوو، 80.3%ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە، سیستمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گونجاو ئامادەی نەکردوون بۆ بازاڕی کار. هەربۆیە پێویستە خوێندنی پراکتیکی شانبەشانی خوێندنی ئەکادیمی لە پرۆگرامی خوێندنی زانکۆکاندا جێگیر بکرێت بۆ ئەوەی خوێندکاران باشتر ئامادە بکرێن بۆ بازاڕی کار. جگە لەوەش، لە ڕاپۆرتێکی (ناوەندی توێژینەوەی سبەی)دا، خاوەنکارەکان لە سلێمانی دەڵێن "لە کاتی دامەزراندنی دەرچووانی تازەدا، کارامەیی لە پێش ئەزموون لەبەرچاو دەگرن". بۆیە نەبوونی وانەی پراکتیکی ڕێگری دەکات لە پەرەپێدانی کارامەیی سەردەمییانە، کە گرنگن بۆ پێداویستییەکانی کار، بۆیە لە ئەنجامدا خوێندکاران کێشەیان بۆ دروست دەبێ لە جێبەجێکردنی کارامەیی پێویست لە کاره‌کانیاندا. ئەم بۆشاییانە لە سیستەمی خوێندنی زانکۆکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی، خوێندکاران زانکۆ تەواو بکەن بەبێ ئەوەی خاوەنی کارامەیی پراکتیکی مۆدێرن بن، یان ئاشنا نەبن بە جیهانی ڕاستەقینەی کارکردن، و ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببنەوە له‌ بواری پیشەیی خۆیاندا.

سەنتەری خزمەتگوزاری خوێندکارانی کاریگەر، یان سەنتەری پەرەپێدانی پیشەیی (CDC)

یەکێک لەو بۆشایانەی خوێندن کە دەرچوان و خوێندکاران ڕووبەڕووی دەبنەوە لە زانکۆ حکومیەکاندا بە تایبەت لە سلێمانیدا، نەبوونی سەنتەری خزمەتگوزاری خوێندکارانی کاریگەرە. سەنتەری خزمەتگوزاری خوێندکاران؛ شوێنێکە کە خوێندکاران دەتوانن ئامراز و ئۆفەری بەسوود لە درێژەی گەشتە ئەکادیمییەکانیان، یان دوای دەرچوونیان لێ بدۆزنەوە. بۆ نموونه یه کێک له ئامانجه سەره‌کییه‌کانی هه‌بوونی سه‌نته‌ری خزمه‌تگوزاری خوێندکاران له زانکۆکان، به‌رزكردنه‌وه‌ی کوالیتی كارامه‌یی خوێندکاران و کاری پراکتیکییه‌. لە زانکۆ حکومییەکانی سلێمانی، ناوەندەکانی گەشەپێدانی پیشەیی (CDC) بۆ هه‌مان مه‌به‌ستی ناوەندەکانی خزمەتگوزاری خوێندکاران دامه‌زراون؛ بەڵام وەک پێویست کاریگەرنین. بەهۆی ئەم نەبوونی کاریگەرییەوە خوێندکاران ڕووبەڕووی چەندین ئالینگاری دەبنەوە.  یەکێک لە ئالینگارییە سەرەتاییەکان، کەمی ژمارەی چالاکییە ئەکادیمییەکانە بۆ هاندان و په‌ره‌پێدانی كارامه‌ییه‌ کۆمەڵایەتی و کەسییەکانی خوێندکاران (Social and Personal Skills). 

به‌ سه‌رنجدان له‌ ماڵپەری سەنتەری پەرەپێدانی پیشەیی (CDC) لە زانکۆی سلێمانی (UOS)، ده‌بینیت زانیاریی پێویست به‌رده‌ست نییە بۆ ئەوەی خوێندکاران زۆرترین سوودی لێ وەربگرن. گه‌رچی ناوبەناو هەندێک چالاکیی خزمەت بە خوێندکاران دەکەن، بەڵام له‌ ئاستی پێویستدا نین. چالاکییە ئەکادیمییەکان توانای خوێندکاران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکەنەوە و سەرکەوتووتریان دەکەن لە ژیانی پیشەییدا. هەروەها، بەپێی توێژینەوەیەک، کە لە یەکێک لە زانکۆکانی ئیسپانیا ئەنجامدراوە، هەبوونی چالاکییەکانی دەرەوەی پرۆگرامی خوێندن، بەشدارە لە بەدەستهێنانی ئاستی بەرزی ئەدای ئەکادیمی و گەشەپێدانی زیاتری كارامه‌یی لە ماوەی ژیانی زانکۆدا، هه‌روه‌ها باشترکردنی تواناکانیان له‌پاش دامەزراندن (Later Employment Skills)، و په‌ره‌پێدانی توانا کەسی و کۆمەڵایەتییەکان. 

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ بوونی دەرفەتی كاری خۆبەخشی لە زانکۆ، یان لە ڕێگەی بەشی خزمەتگوزاری خوێندکاران لە کاتی خوێندنی زانکۆدا، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی پابەندبوون و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە  کۆمەڵگا. بەپێی توێژینەوەی یەکێک لە زانکۆکانی ئیسپانیا، خوێندکاران پرۆسەی سەرەکی فێربوون بەرەوپێش دەبەن و پەرە بە توانا کەسی و کۆمەڵایەتییەکانی وەک؛ گوێگرتنی چالاک، دانوستان و كاركردن به‌ گرووپ دەدەن، کە سوودبەخشن بۆ پەرەپێدانی کارامەییەکان لە ڕێگەی بەشداریکردنیان لە کاری خۆبەخشیدا، كه‌ دواجار ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندن. ئەم کارامەییانە یارمەتیدەرن بۆ دروستکردنی ژیانێکی زانکۆیی سەرکەوتووتر و باشترکردنی ئەدای کارکردن. 

هه‌روه‌ها خوێندکاران ڕووبەڕووی ئالینگاری دیکە دەبنەوە، یەکێک لەوانە کێشەی دۆزینەوەی هەلی کار و ئۆفەری دیکەی وەک پرۆگرامی مەشقکردنە. بەشی خزمەتگوزاری خوێندکاران یان CDCs لە زانکۆکان، پێویسته‌ خزمەتگوزارییەک بکەنەوە، کە یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی هەلی کار، یان پرۆگرامی مەشقکردن. بەپێی ڕاپرسییەکی کۆمەڵەی نیشتمانی کۆلێژ و خاوەنکارەکان NACE، 95%ی خاوەنکارەکان گرنگی زیاتر بەو کاندیدانە ده‌ده‌ن، کە لەلایەن ناوه‌نده‌كانی خزمەتگوزاریی پیشەیی زانکۆکانه‌وه‌ ڕەوانە دەکرێن. جگە لەوەش، سەبارەت بە خوێندکاران و ئەدای کارکردنیان، 63%ی دەرچووان، باسیان لەوە کردووە؛ کاتێک دەچنە ناوەندەکانی خزمەتگوزاری پیشەیی بۆ گەڕان بەدوای کار، یان چاوپێکەوتن، متمانەیان بەخۆیان زیاترە. ئەمەش ئاماژه‌یه‌ به‌و ڕاستییه‌ی، کە بەشی خزمەتگوزاری خوێندکاران، یان ناوەندەکانی خزمەتگوزاری پیشەیی؛ هاوكاری خوێندکاران دەكه‌ن له‌وه‌ی کەمتر سترێسیان هەبێت و دامەزراندنەکەیان مسۆگەر بکەن. هه‌روه‌ك لە هەمان ڕاپرسیدا هاتووه‌، 40%ی خوێندکاران دوای دەرچوونیان لە ڕێگەی سەنتەرەکانەوە لە ناو زانکۆ دامەزراندنیان دەستەبەر کردووە. بیرۆکەی سەنتەری خزمەتگوزاری پیشەیی خوێندکاران ئەوەیە؛ کە کۆمپانیاکان و ناوەندەکانی کار متمانەیان بەو سەنتەرە هەیە، دەرچووانیش کەمتر ڕووبەڕووی کێبڕکێ دەبنەوە به‌راورد به‌وانه‌ی تر، کە بەدوای کاردا دەگەڕێن.

 جگە لەوەش، خزمەتگوزارییەکانی پیشەیی دەرفەتی فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندی زیاتر دەڕەخسێنن، وەک ئامادەکردنی پێشانگای پیشەیی(Career Fairs)  بۆ ئاشنابوونی زیاتری خوێندکاران بە کۆمپانیاکان و داواکارییەکانیان لە خوێندکاران بۆ دەست بەکار بوون. لەگەڵ بەشداریکردنی چالاکانەی خوێندکاران لەم بۆنانەدا،  خوێندکاران ئاگادار دەکرێنەوە لەوەی، چی پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی کارێکی باش و چی پێویستە له‌خۆیدا کاری لەسەر بکات، یان پەرەی پێبدات. 

سەبارەت بە زانکۆی سلێمانی (UOS)، بەپێی ماڵپەڕی CDC، هیچ بۆنەیەک نییە، کە یارمەتی خوێندکاران بدات بۆ دۆزینەوەی هەلی کار. یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی UOS کە لە ساڵی 2014 له‌و زانكۆیه‌ وانە دەڵێتەوە (لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تایبەت، حوزەیران، 2024) ، ڕایگەیاند, "له‌ماوه‌ی ساڵانی كاركردنمدا هیچ بۆنه‌ و ڕووداوێکی تایبه‌تم نەبینیوە، کە پەیوەندی بە هەلی کارەوە هەبێت، وەک پێشانگای پیشه‌یی".

هه‌ربۆیە گرنگە ئەم سەنتەرانە چالاک بکرێنەوە و ئه‌گه‌ر نییه‌ دروست بكرێن،  بۆ ئەوەی یارمەتی خوێندکاران بدەن کوالیتی و ئاستی خوێندن و پیشەییان بەرزبکەنەوە. لە کۆتاییدا، نەبوونی چالاکییە ئەکادیمییەکان و دابینکردنی هەلی کار یان ئۆفەر، ئەو ئالینگارییە سەرەکییانەن، کە ڕووبەڕووی خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆ دەبنەوە، بەهۆی نەبوونی سەنتەری خزمەتگوزاری كاریگه‌ر، یان سەنتەری خزمەتگوزاری پیشەیی و چالاک.

ئەنجامگیری

چارەسەرکردنی کەلێنی خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان زۆر گرنگە بۆ باشترکردنی ئاسۆی دەرچووان. نوێکردنەوەی پرۆگرامی زانکۆکان بۆ ئەوەی لەگەڵ داواکارییە مۆدێرنەکانی بازاڕی کاردا بگونجێت و بەرزکردنەوەی کاریگەریی ناوەندەکانی خزمەتگوزاری خوێندکاران، بەتایبەتی ناوەندەکانی پەرەپێدانی پیشەیی، هەنگاوی بنەڕەتین. ئەم گۆڕانکارییانە باشتر خوێندکاران بەو کارامەیی و پشتگیرییە پراکتیکیانەی، کە پێویستیان پێیەتی بۆ سەرکەوتن لە پیشەکەیاندا ڕادەهێنن، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی فراوانكردنی تۆڕی ده‌ستی کاری كارامه‌ و کێبڕکێکار لە ناوچەکەدا.

 

سەرچاوەکان:

Atrushi, D. S., & Woodfield, S. (2018). The quality of higher education in the Kurdistan Region 

of Iraq. British Journal of Middle Eastern 

Studies. https://doi.org/10.1080/13530194.2018.1430537

Díaz-Iso, A., Eizaguirre, A., & García-Olalla, A. (2020). Understanding the Role of Social 

Interactions in the Development of an Extracurricular University Volunteer Activity in a 

Developing Country. International Journal of Environmental Research and Public 

Healthhttps://doi.org/10.3390/ijerph17124422

Dzaye, Lara. (2023). Education and Employment Mismatch in The Kurdistan Region of Iraq: 

Causes and Implications. 101st International Scientific Conference on Economic and 

Social Development –"Roadmap to NetZero Economies and Businesses”. 

https://www.esd-conference.com/upload/book_of_proceedings/Book_of_Proceedings_ed

Dubai2023_Online.pdf#page=170

 Freeman, Josh. & Hillman, Nick. (2022). Students’ perspectives on careers services and 

employment. Higher Education Policy Institute. 

https://www.hepi.ac.uk/wp-content/uploads/2022/12/How-can-you-help-me-Students-pes

Pectives-on-careers-services-and-employment.pdf

Gill, R. J. (2018). Building employability skills for Higher Education Students: An Australian 

example. Journal of Teaching and Learning for Graduate Employability, 9(1), 84–92. 

https://doi.org/10.21153/jtlge2018vol9no1art739

Sbey Research. (2024).  Employment Opportunities for university and college graduates. Sbey 

Research. https://sbeyresearch.com/events/9