سبەی
سبەی نووسەر
31 تەمموز 2024

كوشتنی هه‌نیه‌، په‌یامی ئیسرائیل له‌ تارانه‌وه‌ بۆ ئه‌وانیتر..

کوشتنی (ئیسماعیل هەنیە)، لە بەرەبەیانی 31ی تەموز، لەناو دڵی ئێران و لە میانەی بەشداریکردنی ڕێوڕه‌سمێكی گرنگ، كه‌ مەراسیمی سوێندخواردنی (پزیشکیان)ه‌، وەک سەرۆککۆماری ئێران، پەرەسەندنێکی چاوەڕواننەکراوە لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەلایەک و ناجێگیریی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەکی تر!. كۆتاییهێنان به‌ هەنیە، ئاماژەیەكی ڕوونه‌ بۆ ئیرادەی ئیسرائیل له‌ بەئامانجگرتنی سەرکردە دیارەکانی گروپە چەکدارەکان. پێدەچێت ئەم هەنگاوە گرژییەکان زیاتر بکات و وەڵامدانەوەی توندی حەماس و لایەنە فەلەستینییەکانی دیکە بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ئیسماعیل هەنیە بە تەنها سەرکردەیەکی ئاسایی حەماس نەبوو؛ بەڵکو بۆ زۆرێک لە فەلەستینییەکان هێمای بەرگریی بوو. کوشتنی ناوبراوگورزێکی به‌هێز و كاریگه‌ری سیاسی و سەربازییه‌ لە حەماس. هەنیە لە ٢٠١٧ەوە سەرۆکی مەکتەبی سياسی حەماسە، یەکەمین سەرکردەی حەماس بووه‌، كه‌ بووبێته‌ سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فەلەستین و دواتریش حکومەت لە غەززە. هه‌ربۆیە گومانی تێدا نییە ئەم کوشتنە، توڕەیی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و چاوەڕوانی تۆڵەسەندنەوە دەکرێت. ئەم خولەی تۆڵەسەندنەوە دەتوانێت ببێتە هۆی ململانێیەکی فراوانتر، کە نەک تەنها کاریگەری لەسەر غەززە و ئیسرائیل هەبێت بەڵکو بە ئەگەرێکی زۆرەوە كارئەکتەرە ناوچەییەکانی دیکەش تێوەبگلێنێت. 

لە دوور مه‌ودادا، تیرۆرکردنی هەنیە ڕەنگە گەنجانی زیاتری فەلەستینی هان بدات بۆ چوونه‌ نێو گروپە چەکدارەکان و ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یان لا دروست بكات. كه‌ دانوستانەکانی ئاشتی شکستیهێناوە و توندوتیژی تاکە پەناگەیە. ئه‌م ڕووداوه‌ لە کاتێکدایه‌، كه‌ هەنیە خۆی دەستپێشخەری دانوستان بوو لەگەڵ ئیسرائیل! هه‌ربۆیه‌ ڕووداوه‌كه‌ سووڕێکی دیکەی پەرەسەندنی توندوتیژی وەگەڕدەخات و بە ئەگەری زۆرەوە هەوڵەکانی بۆ وەستانی شەڕ و چارەسەری ئاشتیانە پەک بخات، یان زۆر دوای بخات. 

ئایندەی پەیوەندی نێوان حەماس و ئێران: 

کوشتنی هەنیە لەناو جەرگەی تاراندا؛ شەرمەزارییەکی زۆری بۆ ئێران دروستکردووە! چونکە ناوبراو میوانی فه‌رمیی حکومەتی ئێران بوو! ئێران وەک چۆن له‌ ڕابردوودا پشتیوانێکی سەرسەختی بزووتنەوەی حەماس بووە و هاوکاری دارایی و سەربازی پێشکەش کردووە. له‌دوای ئه‌م ڕوداوه‌وه‌ ئەو پشتگیرییەی ئێران بۆ حەماس، دەکات بە شتێکی ئیلزامی و ئەم دووانە زیاتر لە یەک نزیک دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا چاودێران بە دووری دەزانن، ئێران خواستی وه‌ڵامدانەوە و خاوەنداریکردنی تەواوەتی دۆسیه‌كه‌ی هەبێت. چونکە نایەوێت پەلکێشی ناو جەنگێکی ئیقلیمی گەورە بکرێت! بەڵام پێدەچێت ئێران پشتیوانی خۆی بۆ حەماس زیاتر بکات، هەم بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکە و هەم بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەریی ئیسرائیل و تۆڵەسەندنەوەی ئەو کردەوەیە. ئەمەش دەتوانێت چەک و مەشق و ڕاهێنانی پێشکەوتووتر بۆ چەکدارانی حەماس لەخۆبگرێت و زیاتر ململانێکان توندتر و درێژخایەنتر بکاتەوە. 

لەگەڵ ئەوەی بەدوور دەزانرێت، ئەم پێشهاتە ئێران و ئیسرائیل بخاتە جەنگەوە، بەڵام بێگومان هەماهەنگی و پاڵپشتی ئێران لەگەڵ گروپەکانی دیکەی دژبەری ئیسرائیل توندوتۆڵتر دەکاتەوە، وەک حزبوڵڵای لوبنانی و میلیشیا جۆراوجۆرەکان لە سوریا و عێراق؛ ئەنجامەکەشی، درێژکردنەوەی دۆخی ئاڵۆزیی و توندوتیژییە لە ناوچەکەدا. 

هاتنەپێشەوەی نەوەیەکی نوێی چەکداری فەلەستنی: 

کوشتنی هەنیە، دەتوانرێت وەک پاڵنەرێک بۆ هاتنەپێشەوەی نەوەیەکی نوێی فەلەستینییەکان سەیر بکرێت، کە ڕەنگە بەرخۆدانی توندوتیژانە وەک تاکە وەڵامێکی بژاردەیی بۆ کردەوەکانی ئیسرائیل سەیر بکەن. ئەم نەوەیە لە نێو ململانێدا گەورە بووە، شایەتحاڵی شکستی دانوستانەکانی ئاشتی و سەرکەوتنی سەرکردە چەکدارەکان بووە، لە بەدەستهێنانی ئیمتیازات لە ئیسرائیل.

کوژرانی سەرکردەیەکی دیاری وەک هەنیە زۆرجار ئیلهامبەخشە بۆ گەنجانی فەلەستینی بۆ چوونە نێو گروپە چەکدارەکان، لەناویشیاندا، (بزوتنەوەی حەماس). ئەم نەوە چەکدارە نوێیە، خۆیان بە میراتگر و جێگرەوەی سەرکردە کوژراوەکانیان ده‌زانن، هه‌ربۆیه‌ خواستی تؤڵەسەندنەوە دەبێتە بابەتێکی زاڵ لە ئاراستەکردنی رەفتارە سیاسی و سەربازییەکانیاندا. 

ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی بۆچوونی چاودێران، کوشتنی هەنیە لە ڕووی سەربازی و مەيدانييەوە گورزێکی زۆر بەهێز نييە لە حەماس و ئەلقسام لە غەززە. بەڵکو زیاتر گورزێکی سياسی و مەعنەوی و ڕەمزييە. چونکە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئيسرائيل چەند سەرکردەیەکی سەربازیی حەماسی لە ناو غەززە کووشتووە، کە زۆر لە هەنييە کاريگەرتر و گرنگترن لەڕووی سەربازی و مەيدانييەوە. ئەو شارەزایانەی لە غەززەوە تەماشای حەماس دەکەن، دەزانن بڕياری یەکلاکەرەوە و بڕيارە گرنگەکان (بە پرسی ئاگربەرست و بارمتەکانيشەوە) لە دەستی سەرکردە سەربازی و مەیدانییەکاندایە. 

ڕادیکاڵبوونی گەنجان ئاڵەنگاریی بەرچاو بۆ هەردوو کۆمەڵگەی فەلەستین و ئیسرائیل دروست دەکات. ئەمە وادەکات باڵی سەربازی دەستڕۆیشتووی ناو حەماس زیاتر لە جاران بەهێزتر و دەستکراوەتر بن، ئاراستەی رادیکاڵی و سەربازی هاوشانی یەکتر لەناو حەماس و لە ئیسرائیلیشدا لە گەشەکردندابن و ئاسۆی بەردەم چارەسەری ئاشتییانە بەتەواوەتی لێڵ و تاریك بێت. 

پەیامی ئیسرائیل بۆ ئێران: 

تیرۆرکردنی هەنیە هاوکات لەگەڵ کوشتنی بە ئامانجی (فوئاد شاکر) سەرکردەی دووەمی حیزبوڵڵای لوبنان، لەماوەی کەمتر لە ١٠ کاتژمێردا، پەیامێکی ڕوونی ئیسرائیله‌ بۆ ئێران و بریکارەکانی. ئیسرائیل توانا و ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکان، بەبێ گوێدانە شوێن و پێگەی ئەوان.

ئەمەش دەکرێت، وه‌ك هۆشداریدان بە ئێران لێکبدرێتەوە، کە کاریگەرییەکانی لە ناوچەکەدا بێبەری نییە لە کردەوەکانی ئیسرائیل. ئیسرائیل له‌ بە ئامانجگرتنی کەسایەتییە سەرەکییەکان، ئامانجی تێکدانی پێکهاتەی فەرماندەیی ئەم گرووپانە و لاوازکردنی توانای ئۆپەراسیۆنەکانیانە. هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ ئەوەی  کە پیشانی هه‌مووانی بدات، ئیدی کەس لە دەرەوەی توانایی و دەستڕاگەیشتنی ئەوان نییە، تەنانەت ئەو سەرکردە و کەسایەتیانەی کە ڕەنگە بەهۆی پێگه‌ی پله‌ی به‌رزیانه‌وه‌ خۆیان بە سەلامەت زانیبێت.

ئەم پەیامە بە تایبەتی پەیوەندیدارە، چونکە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەرزبوونەتەوە. جەخت لەسەر ئامادەیی ئیسرائیل دەکاتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێشوەختە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و بەرەنگاربوونەوەی پێگه‌ و نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا. ئێرانیش دەمێکە ئەو پەیامەی بەدەست گەیشتووە، بۆیە سروشتی ململانێکان بە خواستی ئێرانی بە پلەی یەکەم، تا ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، هیچ لایەک، (بەتایبەت ئێران) نایەوێت هێڵی سوور ببه‌زێنێت! 

پەیامێکی فراوانتر بۆ بریكاره‌كانی ئێران: 

بەئامانجگرتنی هاوکاتی سەرکردەکانی حەماس و حزبوڵڵای لوبنانی، دەکرێت وەک پەیامێکی فراوانتر بۆ بریکارەکانی دیکەی ئێران، (حەشدی شەعبی لە عێراق و حوسییەکان لە یەمەن) سەیر بکرێت. ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، ئامادەیە ڕێوشوێن لە دژی هەر گروپێک بگرێتەبەر کە مەترسی دروست بکات، بەبێ گوێدانە سنوورە جوگرافییەکان.

ئەم ستراتیژە ئامانجی ناسەقامگیری و بێهێزکردنی گرووپه‌كانی سەر بە ئێرانە له‌ڕێگه‌ی له‌ناوبردنی سەرکرده‌‌كانیان. هەروەها وەکو ڕێگرییەک کاردەکات و هۆشداری دەداتە ئەم گروپانە، کە سەرکردەکانیان لاوازن و بەردەوامبوونی شەڕانگێزی، وه‌ڵام و لێکەوتەی توند بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

سروشتی هەماهەنگی ئەم تیرۆرانە ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە ئیسرائیل تەنیا کاردانەوەی نییە بەرامبەر بە هەڕەشە دەستبەجێیەکان؛ بەڵکو ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ لاوازکردنی تۆڕی ناوچەیی ئێران جێبەجێ دەکات. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی سیناریۆی ته‌نگه‌تاوكردنی بریکارەکانی ئێران، به‌جۆرێك زیاتر هەست بە ئامانج و فشار دەکەن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ده‌بێته‌ پاڵنه‌ریان بۆ تۆڵەسەندنەوە، كه‌ بەم شێوەیە ململانێکان زیاتر پەرەده‌ستێنێت. هه‌رچۆنێك بێت ئەوەی ڕوودەدات، لە بەرژەوەندی هێزە پڕۆکسی، بریكاره‌كانی ئێراندا نییە. باڵادەستی (سەربازی، هەواڵگریی و تەکنەلۆژی) ئیسرائیل، ئێران و بریكاره‌كانی دووچاری فشار و هاوكات شەرمەزارییەکی زۆر کردووە، لەناوەوه‌ی وڵاتەکانیان و لەبەردەم شەقامی عەرەبی و ئیسلامیدا! 

ئایا جه‌نگێكی سه‌رتاسه‌ری به‌ڕێوه‌یه‌؟

ڕێڕەوی ڕووداوەکانی ئێستا ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی ئەگەری، بەرەو ململانێیەکی بەرفراوانتر و چڕتر لە ناوچەکەدا. کوشتنی بەردەوامی سەرکردە باڵاکان ده‌شێت ببێتە هۆی سه‌رهه‌ڵدانی سیناریۆی جەنگێکی تەواو، کە چەندین بەرە لە یەک کاتدا چالاک بن. ئەمەش نەک تەنها غەززە و لوبنان بەڵکو عێراق و یەمەنیش بگرێتەوە، کە کاریگەری ئێران لەو شوێنانەدا بەرچاوە.

تیرۆرکردنی هەنیە و شاکر، پەرەسەندنێکی بەرچاوە لە ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. جەخت لەسەر ئامادەیی ئیسرائیل دەکاتەوە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی یەکلاکەرەوە لە دژی نەیارانی و پەیامێکی ڕوون بۆ ئێران و بریکارەکانی دەنێرێت. کاریگەری دەستبەجێ زیادبوونی توندوتیژی و ناسەقامگیرییە، لەگەڵ دەرئەنجامە درێژخایەنە ئه‌گه‌رییه‌كانی، بۆ داینامیکی ناوچەیی و ئاسۆی ئاشتی.

چاودێران وایدەبێنن کە ئیسرائیل، بەهۆی ئەو باڵادەستییە سەربازی و هەوڵگرییەی لەماوەی (دە) مانگی رابردووی شەڕی غەززەدا پیشانی داوە، بەهۆی ئەو پشتگیرییە گەورەیەش کە لەلایەن رۆژئاوا و ئەمریکاوە هەیەتی، نیازی ئاشتی نییە و ئامادەیە بۆ فراوانکردنی بەرەکانی جەنگ. بەجۆرێک کە ئەوانیتر، بە پلەی یەکەم ئێران و بریكاره‌كانی، توشی دۆخێکی خراپی سیاسی و سەربازی کردووە. ئێران لەگەڵ ئەوەی نایەوێت بچێتە ناو جەنگێکی گەورەی هه‌رێمییه‌وه‌ لەگەڵ ئیسرائیل، (کە دەزانێت دواجار دەبێتە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا)، هاوكات دۆخی ئێستاش، بەو هەڵمەتە بەردەوامانەی ئیسرائیل، بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیدا نییە. بەڕای چاودێران، شەڕی غەززە خاڵی وەرچەرخان بوو لە پێگەی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کۆتایی ئەو جەنگەش، ناوچەکە ناگێڕێتەوە دۆخی پێش خۆی. لایەنە بەشەڕهاتووەکان، بە ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێرانیشەوە، خوازیاری فراوانكردنی جەنگەكه‌ نین. ئەگەرچی ئیسرائیل بە کردەوە پێچەوانەی ئەوەی نیشانداوە، بەڵام دژەکانی هێشتا لە بازنەیەکی دیایکراودا ئیدارەی ململانێکان دەدەن. 

ئەنجام؛ سیناریۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی ئیقلیمی هەمیشە ئه‌گه‌رێكی كراوه‌و لەبەر دەرگایە، لەگەڵ ئەوەشدا خواستی هێزەکان بۆ خۆلادان لەو شەڕە زیاترە. ئاشتی لەناوچەکەدا، بە وەدیهاتنی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە باڵانسی هێز دێتە کایەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چیتر بەرگەی ئەو دۆخی درێژکراوەیەی (نە شەڕ نە ئاشتی ناگرێ)، بۆیە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە جیۆپۆلەتیک و تەرازووی هێز، بە ئەگەرێکی بەهێز دادەنرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی داهاتووی ململانێکانی ناوچەکە.