نەوزاد جەمال
نەوزاد جەمال نووسەر
27 ئازار 2024

بنەڕەتە فەلسەفییەکانی ئاینده‌ناسی

"ئەوەی بەسەر مرۆڤ دێت، ئەنجامی بڕیارەکانیەتی نەک چارەنووسی"    ستیڤن کوفی

پێشەکی 

لەو سۆنگەشەوە بیرو تێگەیشتنی "مرۆڤی کورد" بەگشتی سەبارەت بە 'ئایندە' شەنوکەودەکات. هەروەها، پرسیار دەخاتەسەر ئەوەی بۆچی مرۆڤی "ئێمە" بەگشتی لە سیاسەت و پلانداناندا چ لەسەر ئاستی تاکەکەسی یان دامەزراوەیی، ئەوەندەی خۆی بە نادیار و ئاینده‌یەکی نەزانراو سپاردووە، هێندە ئەرکی بیرکردنەوە و بڕیاردانی لەسەر سبەینێی-داهاتووی دوور و نزیکی بەرنامەڕێژ نەکردووە.

لە هەلومەرجی سیاسیی و ئابووری ئێمەدا، بەردەوام چاوەڕواننەکراوەکان چارەنووسمان ئاڕاستەدەکەن. بەجۆرێ کە "خۆسپاردن" بە نادیار-غەیب- تاڕادەی خۆڕادەستکردنی تەواو لە بڕیار و پلانداندا لەسەر ئاستی تاک و دامەزراوەکان رەنگدەداتەوە. لەلایەک، نادیارە نەزانراوەکە دێتە نێو ژیانی رۆژانەو پرسەکان یەکلایی دەکاتەوە، لەلایەکی ترەوە ئەو "هێزە" نادیارەی خۆڕادەستکراوە، چارەنووسی ئاینده‌ی پێسپێردراوە. 

هێشتا ئاینده‌ نەک هەر نەبووتە بەشێک لە بیرکردنەوە و جیهانبینی مرۆڤی ئێمە، بەڵکو، تا ئەمڕۆش وەک پێدراوێکی –غەیبی- کە لە دەستی مرۆڤ خۆیدا نەبێت، پێناسە دەکرێت. سەربەخۆیی لە بڕیار و دەستنیشانکردنی چارەنووس و باشکردنی ئاینده‌، وەک زانست مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێ، بەڵکو وەک بڕواو باوەڕێک بە بکەرێکی میتافیزیکی کە لە دەرەوەڕا بڕیار لە "ئێرەمان" دەدات دائەنرێ. 

 هەندێک پێیانوایە 'ئایندە' تەنها هیواخواستنە بەوەی کە ئێستا نیمانە. مادام 'رابردوو' و 'داهاتوو' کە دوو ئاراستەی پێچەوانەی کاتن و لە دەستی مرۆڤدا نین. وەکچۆن ناتوانرێ رابردوو بگەڕێنرێتەوە، ئاوەهاش ناتوانرێت بڕیار لەسەر داهاتوویەک کە هێشتا نەهاتووە بدرێت. ئەم لێکدانەوە سەرپێییە، گرنگی ساتەوەختی 'ئێستا' لەبیردەکات کە بەهۆیەوە رابردوو و هێڵە گشتییەکانی ئایندەی تێدا هەڵدەسەنگێنرێت. 

ئەم بۆچوونە، دیمەنی چیرۆکی دووبارەی ساڵانەی بەرهەمی "تەماتە"مان بیردەهێنێتەوە؛ ساڵانە جوتیارەکان لە هاویندا رەنج بەخەسار دەچن. نە حکومەت ئامادەکاری وەرگرتنی بەرهەمەکەیانی کردووە، نەجوتیارەکانیش بیر لەوە دەکەنەوە، ئەگەر بازاڕ نییە و حکومەت وەریناگرێت و بازاڕی ناوخۆش بە هاوردەکردنی تەماتە ئاخنراوە، ئیتر بۆ تەماتە دادەچێنن؟

ئەمە یەکێکە لەو چەندان گرفتانەی کە لە ئەنجامی نەبوونی پلانێکی ستراتیجیی، بەدرێژایی سێ دەیەی حوکمڕانی هەرێمدا چەندبارە دەبنەوە. داڕشتنی ستراتیژییەتی بەڕێوەبردن، پێویستی بە دیدێکی ئایندەناسییانە هەیە. 

لەم سۆنگەوە، ئەم توێژینەوەکه‌ بەسەر دوو تەوەری سەرەکیدا دابەشدەبێت؛ تەوەری یەکەم؛ رەهەند و میتۆدەکانی ئایندەناسی شرۆڤە دەکات. هاوکات وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری فەلسەفییانە دەداتەوە؛ ئاگایی و کات چ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە هەیە؟ بنەڕەتە فەلسەفییەکانی ئایندەناسی کامانەن؟ هەروەها، تەوەری دووەم؛ وەڵامی پرسیاری: ئایا مرۆڤی "خۆرهەڵاتی" –خۆمان- چۆن لەداهاتوو دەڕوانێت و رادەی ئاگایی بۆ ئایندە چۆنە؟ دەداتەوە.

تەوەری یەکەم:

  1. ئاگایی، کات و ئایندە

لە فەلسەفەدا بۆچوونێکی باو هەیە؛ نە ڕابردوو هه‌یه‌، نە داهاتوو. ئەوەندەی کە ڕاستەو بە کردەیی هەیە، هەر ئێستاکەیە. لێرەوە ئێستا، هەموو راستییەکەیە. ئەویتر، خەیاڵ و ئەندێشەیە  (Thomas 2020). رەنگە، کورتکردنەوەی ئاگایی و هەستکردن بەکات و ساتی لەئارادابوو واتە تەنها 'ئێستا/ هەنوکە'، هاوکارییەکی دەروونیی مرۆڤ بێت، تا باشتر خۆی بدۆزێتەوە و نەکەوێتە ژێر زەبری "دێوەزمەی رابردوو" یان دڵەڕاوکێی داهاتووەوە. لەسەر ئاستی تاکەکەس، دەریچەیەکە بۆ ڕزگارکردنی لە خەون و سێبەری ڕابردوو.  هه‌روه‌ك دوورخستنەوەیەتی لە دڵەڕاوکێی داهاتوو. بەڵام، لەسەر ئاستی سیاسەتی گشتی کۆمەڵگا، ناکرێ "دیدگای ئێستاکەیی" لەسەر حسابی پلانی کورت و دوورمەودای نەوەکانی داهاتووبێت. 

لە سەدەکانی ناوەڕاستی مێژووی فەلسەفەدا، بایەخ بە چەمکی 'کات' دەدرا. فەیلەسوفەکانی وەک 'ئۆگستین' و 'تۆماس ئەکویناس' پێیانوابوو 'خودا' یەکسانە بە 'هەتاهەتایی'. بەوپێیە، کات هاوواتای خودا بوو. بەڵام، لەناوەڕاستی سەدەی حەڤدەوە، گۆڕانێک بەسەر ئەو چەمکە زاڵەدا هات، کە دەرکەوتنی دیدێکی ڕەهاگەر(absolutism) سەبارەت بە (کات) بوو. ئەوەش لەلایەن'نیوتن' و هاوسەردەمەکانییەوە بوو کە لەسەر ئەوە مکوڕبوون 'کات' جۆرێکە لە 'بوون' و هاوکات سەربەخۆیە لە 'گەردوون'. بەو پێیە، ئەستەمە بەبێ کات، بیر لەگەردوون بکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر گەردوونیش نەبێت، کات هەر هەیە  (Thomas 2020).

بەڵام، لە سەدەی هەژدەوە گۆڕانکارییەکی تر، بەسەر چەمکی کاتدا هات. بەتایبەت، لەبڵاوبوونەوەی شاکارەکەی 'کانت'(1781)  کتێبی 'ڕه‌خنه‌ی ژیریی پەتی'. ئەو بۆچوونە رەهاییە کە کات لە وابەستەی بوونی مرۆڤ نییە بەڵکو پێدراوێکی سەربەخۆیە، هەڵوەشێنرایەوە. کانت پێیوابوو، راستە 'ئێمە ناتوانین بەبێ رەهەندی 'کات' بیر لە گەردوون و جیهان بکەینەوە. بەڵام، ئەم راستییە هیچمان لەسەر گەردوون خۆی پێناڵێت. بەپێچەوانەوە، تیشک دەخاتە سەر ڕاستیەک؛ كه‌ ئەویش ژیرییی مرۆڤە'  (Thomas 2020).

بەدەربڕینێکی تر، رەگوڕیشەی کات، لەهزرو ژیرییی مرۆڤ خۆیدایە، نەک دەرەوەی. لە ئەنجامی ئەزموونکردن و تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ دەوروبەر، هەرچییەک ئەزمووندەکرێت، دەخرێتە نێو چوارچێوەی کات/ شوێنەوە. لەمەوە کانت ئەنجامگیری ئەوەیکرد کە 'کات فۆرمی هەستکردنە، نەک ئەوەی شتێکی دەرەکی و بوونێکی سەربەخۆی لەژیرییی مرۆڤ هەبێت'. کەواتە، ژیریی مرۆڤ لە هەستکردن و تێگەیشتن لە دەوروبەری، کات وەک رەهەندێکی سەرەکی تێدەگات. 

لێرەوە، کات و شوێن لە خۆیانداو لە دەرەوەی ئاگایی و هۆشی مرۆڤدا بوونیان نییە. کات/ شوێن فۆرمێکی ئاگایی ژیریی مرۆڤن. بۆ تێگەیشن لەهەر ڕووداو، و بابەتێک، مرۆڤ دەبێ بیخاتە نێو چوارچێوەی کات و شوێنەوە. لەمەوە، ئاگامەندی مرۆڤ لەنێو کاتدا گەشە دەکات و کاتیش لەنێو ژیریی و ئاگامەندی مرۆڤ خۆیدایە. لەبەرئەوە، تێگەیشتن لە رابردوو، ئێستاو داهاتوو بە ئاگاییەوە گرێدراوەو بابەتێکی ژیرەکین نەک ئەندێشە و خەیاڵپڵاویی

2. بنەڕەتە فەلسەفییەکانی ئاینده‌ناسی

مادام، ئایندە بەشێکە لەئاگایی، دەبێت کۆمەڵێک بنەڕەت لە لێکدانەوەو توێژینەوەی ئایندەناسیدا وەک بوارێکی زانستی هەبن. لەڕاستییدا، ئەو بنەڕەتانە وەڵامدانەوەی کۆمەڵە پرسیارێکی بنچینەین (Voros 2007). کە ئەوانیش بریتین لە:

  • پرسیاری بوونەکی(ontological): سروشتی راستی ئایندە چییەو دەکرێ چی لەبارەوە بزانین؟ واتە، ئایا دەکرێت ئایندە وەک بەشێک لەبوونمان بزانرێت؟
  • پرسیاری زانینەکی(epistemological): سروشتی ئەو زانینە چیەو پەیوەندی زانەر-توێژەر-و بابەتەکەی- ئەوەی کە دەکرێ بزانرێت - چۆن رێکدەخرێت؟
  • پرسیاری میتۆدەکی(methodological): چۆن زانەر/ توێژەر دەڕواتە ئەو بابەتەی کە دەکرێت بزانرێت؟ واتە، بە چ رێگەو شێوازێك. ئەو رێدۆزەکە چییە، کە دەبێت دەستنیشانکرێت؟
  • پرسیاری بەهایی/ هەڵسەنگاندن(axiological): ئایا ئەوەی دەمانەوێ بیزانین، لەخۆیدا بەهادارو گرنگە بۆ ئێستا و داهاتوومان؟

هەڵبەت، لەوەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەدا، پێنج بنەڕەت(پارادایمی) فەلسەفی هەن  (Voros 2007):

  • پۆزەتیڤیزم(positivism): ئەو رەوتە زانستگەرییە، کە بابەتیانە لەگەڵ زانین و پێشهاتەکاندا مامەڵە دەکات. دەبێت، هەر بۆچوون و گریمانە و زانینێک زانستییانە پاساو بدرێتەوە، بە بەڵگەی سەلمێنەر پشتڕاست بکرێتەوەو لە ڕاوبۆچوون بێتە دەرەوەو بە داتا و زانیاری ورد پشت ئەستووربێت.
  • پاش پۆزەتیڤیزم(post-positivism): ئەم رەوتەیان هەوڵی راستکردنەوەی باری لاسەنگ و لاوازیەکانی پۆزەتیڤیزمە بەتایبەت ئەو باوەڕە زێدەڕەوەی سەبارەت بەزانستیبوون کەهەیەتی.
  • پارادایمی ڕه‌خنه‌گەری(Criticalism): وەڵامدەرەوەو ڕه‌خنه‌کردنی ئەو دیدە زانستباوەڕییە کە لە بوارەکەدا بانگەشەی زانستیبوونی بۆچوونەکانی دەکرد،  به‌بێ خۆڕەخنەکردن. لەمەوە، ئەم پارادایمە پێداگری لەهەڵوێستێکی ڕه‌خنه‌ییانە لەبوارەکەدا دەدات.
  • پارادایمی بنیاتنەرانە(constructivism): واتە، لە بری تەنها ڕووخاندن و ڕەخنەگرتن، پێویستە دروستکردن و چاککردنەوە بکرێتە مۆدێل. بەجۆرێک خاڵی هاوبەشی لەگەڵ میتۆدەکەی پێش خۆیدا هەیە، بەڵام بە تەنها لە دیدێکی ڕه‌خنه‌ییدا نامێنێتەوە. به‌ڵكو دەیەوێت، ڕه‌خنه ‌ببێتە دروستکردن و چاککردنەوە. 
  • پارادایمی بەشدارەکیانە(participatory): واتە زانین و بیرکردنەوە لە ئایندە وەک بەشداری لە دروستکردنیدا. بەجۆرێک ئەم پارادایمە لە بەراوردکردن و جیاکردنەوەی پارادایمەکانی پێشتردا، دەیەوێت رێچکەیەک بۆخۆی بدۆزێتەوە. 

 

تەوەری دووەم: 

  1. ئاگایی بە کات لەنێوان مێژوو، و ئاینده‌دا 

كاتێك باس لە ئایندە دەکەین، دەشبێت بزانین لە کۆبەندی (کۆنتێکست) کولتوریماندا چۆن مرۆڤی ئێمە لە مێژوو تێدەگات. بۆیە، پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئاگایی مرۆڤی کورد بەرامبەر بە مێژوو چۆنە، تا بیر لە ئاینده‌ی بکاتەوە؟ 

کورد مێژووی هەیە، بەڵام فەلسەفەی مێژووی نییە. واتە، ژیریی و ئاگاییەکی خۆیەکی -زاتی- کە بوونی خۆی وەک درێژکراوەی رابردوو دانەنێت، چەکەرەی نەکردووە. ڕابردوو نەبۆتە مایەی پرسیارو شرۆڤەو ڕه‌خنه‌کردن. واتە، مێژوو لە گێڕانەوە و چیرۆکەوە نەگۆڕاوە بۆ پرسیارێکی بوونەکی و ڕووبه‌ڕووبوونەوە. لەبەرئەوە ئاگایی لە ڕابردوو دانەبڕاوە تا لەڕەوتی مێژوو تێبگات و بیر لە ئاینده‌ بکاتەوە.

بەو پێیەی گەلی کورد، داگیرکراوێکی مێژووییە، هەموو مێژووەکەشی بەدەستی خۆی تۆمارنەکراوە. ئەگەرچی، لەسەدەی بیسته‌مدا، گێڕانەوەی مێژوو لەلایەن کورد خۆیەوە سەرڕێکەوتووە. بەڵام، هێشتا 'فەلسەفەی مێژوو' کە توانایەکی ڕه‌خنه‌یی و شرۆڤەیی هه‌بێت لە تاوتوێکردنی رابردوو و سەرەداوی رووداو، و دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی شکست و پاشکۆیی و پاشکەوتوویی و داگیرکارییدا، لەسەرەتادایە. بەسەرهات و بیرەوەری و گێڕدراوەکان، ئامرازێکن بۆ ئەوەی مێژوو بهێنینەوە بەرچاومان، نەک 'ئێستا' وەک رابردوو لێبکەین. ناکرێت رابردوو بکرێتە پێوەر بۆ داهاتوو، بەڵکو پێچەوانەکەی شیاوترە. 

2. ئایندە لەبیرکردنەوەی ئایینی مرۆڤی خۆرهەڵاتدا

بەگشتی مرۆڤی "خۆرهەڵاتی" تاڕادەی پەرستن، هۆگری رابردووە. بەرهەمهێنانەوەی رابردوو لە فۆرمێکی نۆستالۆژیدا. لە گوتاری کولتوری و مێنتاڵێتی مرۆڤی ئێمەدا، ئەمە تەواو رەنگیداوەتەوە. لەکاتێکدا مرۆڤی خۆرئاوایی، داهاتووخوازەو بەردەوام خوێندنەوەی بۆ داهاتوو هەیە. داهێنانەکانیشی بەڵگەن لەسەر وەبەرهێنانی تێیدا. لەکاتێکدا، کولتوری خۆرهەڵاتی ئەوەندەی خەریکی شانازی و گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو، نیو هێندە بیر لە داهاتووی ناکاتەوە. چونکە، لە سۆنگەی باوەڕێکەوە کە داهاتوو بە غەیب سپێردراوە. بۆیە، لە بیری ئاینیدا داهاتوو یەکسانە بەهیچ. تەنها "ئەو دونیا" داهاتووە چاوەڕوانکراوەکەیە.

لەبەرئەوە، نە 'ئێستا' نە 'ئاینده‌' لەبیرکردنەوەی مرۆڤی "خۆرهەڵاتی" ئایینداردا ئامادەییەکی ئەوتۆی نییە. رابردوو سەرچاوەی هەموو شانازی و رۆحی خۆپاڵدانەبەر –ئینتما- رۆژگارێكە. ئاینده‌ش غەيبە، نهێنی و نەزانراوەکەیە. ئیتر، ئاییندە، باوەڕێکە کە لەدەستی هێزێکی سەرووسروشتیدایە.

 کەواتە، جیهانی ئێستا، کار و رەنج و بەرهەمهێنان، تەنها ئامادەکارییەکە بۆ شوێنێکیتر "لەوێ" جیهانێکیتر دوای مردن. بەو پێیە، مرۆڤ رێبوار و میوانێکە لە جیهانێکی بڕاوەی کاتییدا. 

هەر لەم سۆنگەشەوە، هەر کەسێک پێشبینی داهاتوو بکات، وەک ئەوەیە بانگەشەی غەیبناسی بکات. لەبەرئەوە، ئەوە "فاڵگرەوەکانن" کە لافی خوێندنەوەی داهاتوو لێ دەدەن و لە پانتاییە کۆمەڵایەتیەکەشدا خەریکی کردنەوەی گرێی بەخت، مزگێنی هاوسەرگیری، منداڵبوون و هتد... دەدەن.

لێرەوە، ئەگەر بووترێت مرۆڤی ئێمە هێندەی سەر بە جوگرافیایە، نیو هێندە سەر بە 'کات' و مێژوو نییە. بۆیە، کات نەبووتە ئاگایی گشتی. هێنده‌ی خۆی بە درێژکراوەی جوگرافیا دادەنێت، نیو هێنده‌ی بوونی بۆ 'کات' ناگێڕێتەوە. 

 

ئەنجام

لەبەرئەوەی ئایندە نەبۆتە بەشێک لە تێگەیشتنی "ئێستا"، هەمیشە بە نادیارێک دادەنرێت. ئەم کەلینەش بە تەمەڵیی زانستیی و ژیریی دەبێتە دروستکەری وەهمی خۆدانەدەست بکەر و هۆکارە نادیارەکان. لەکاتێکدا، ئاییندە داهاتووییەکە دروستده‌کرێت. 

به‌رپرسیارێتیش به‌و ساته ‌نه‌هاتووه ،‌ به‌نده‌ به ‌ڕه‌فتاره‌کانی ‌ئێستاوە. بۆ ئه‌وه‌ی باشتربیین، ده‌بێت له ‌ئێستاوه‌ باش ‌بیربکرێتەوە. داهاتووناسی تەنها پێشبینیکردنی نەهاتووەکان نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی رەوشتیشە بەرامبەر بە چ جۆرە داهاتوویەک بۆ نەوەکانیتر ئامادەبکرێت. 

ئایندەناسی نە فاڵگرتنەوەیە و نە غەیبگەریی، بەڵکو زانستێکە بەرمەبنای داتا و زانیاری و تێبینکردنی رەوتی رووداوەکان و رەوشێکە کە لە رابردوو ئێستادا، پێشبنیی دەکرێ و پلانی بۆ دادەڕێژرێت. بۆیە، تەنها بە زمانی هیواخواستن سەیری پێشهاتەکان ناکرێ، بەڵکو بە هەڵسەنگاندن دەکرێت. 

ئەو کۆمەڵگایەی هیچ دەربارەی رابردوو نازانێت، هیچ خەون و ئاواتێکیشی بۆ داهاتووی نییە. چونکە، لە گۆڕستانی ئێستایەکدا دەژی. بەڵام، ئەگەر جیهانبینییەکی ئاینده‌یشی نەبێت، لە دەرەوەی زەمەنە. چونکە، درکی بە بوونی خۆی نەکردووە. ئەگەر رابردوو ئەوە بێت کە 'بووین'، ئایندە ئەوەیە، کە دەمانەوێت 'ببین'. رابردوو ناگۆڕێت، بەڵام دەتوانین شێوازی بیرکردنەوەمان دەربارەی بگۆڕین. ئایندە 'تۆوێکە' لە هەگبەی ئێستاماندا کە لە دەستی خۆماندایە، نەک سپاردنی بە ئەویترەکان یان نادیارەکان!

 

سەرچاوەکان:

Thomas, Emily. 2020. Aeon. 23 January. Accessed July 8, 2020. http://www.aeon.co/philosophy/thinkers-and-theories .

Voros, Joseph. 2007. “On the philosophical foundations of future research.” In Knowing Tomorrow? How science deals with the future, by Patrick van der Duin, 1-17. Delft, The Netherlands: Eburon Academic Publishers.