پوخته‌ی وتاری "ڕابه‌ر ته‌ڵعه‌ت" به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی سبه‌ی له وێبناری "خولی دووه‌می تره‌مپ و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" كه له‌لایه‌ن کۆمەڵەی جیهانی بۆ بنیاتنانی ئاشتی له ژاپۆن و ناوەندی ئاشتی کیۆتۆ و ئەنجومەنی ئەکادیمی نەتەوە یەکگرتووەکان نوسینگەی تۆکیۆ، سازكرابوو.
گۆڕانی گوتاری سیاسی ئەمریکا و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەمی ترەمپدا
ڕابەر ته‌ڵعه‌ت، گەڕانەوەی (دۆناڵد ترەمپ)ی بۆ کۆشکی سپی، وەک گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و تەحەدای لایەنە سه‌ره‌كییه‌كانی ئینتەرناسیۆنالیستی لیبڕاڵی وێنا کرد، سیستەمێک کە ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە پەیڕەوی کردووە.
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تره‌مپ، كه ته‌واو ڕیالیست و پراگماتیکانه‌یه، ئاماژەیە بۆ گۆڕانێكی خێرا و كتوپڕ لە (هاوکاری فرەلایەنەوە بۆ مامەڵەکردنی دیپلۆماسی)، به‌جۆرێك دەسکەوتە ستراتیژییە خێراكان به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی هاوپەیمانەکانی لە پێشینە دادەنێت. گۆڕانکارییەکە کاریگەری لەسەر هەردوو هاوپەیمانی ئەمریکا و ڕۆڵی له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
لە ئینتەرناسیۆنالیزمی لیبراڵەوە بۆ کۆماریخوازی ڕیالیست
ڕه‌وتی ئینتەرناسیۆنالیزمی لیبراڵ، ساڵانێکی زۆرە جەخت لەسەر حوکمڕانی جیهانی و ئاسایشی گشتی و هاندانی بنەما و پره‌نسیپه دیموکراسییەکان لە ڕێگەی دامەزراوەکانی وەک ناتۆ و نه‌ته‌وه یەکگرتووەكان ده‌كاته‌وه. لەلایەکی دیکەوە، ئەگەری ئەوە زیاترە کە ئایدیا و باوه‌ڕی ترەمپ وەک باوه‌ڕێكی واقیعبینانە ده‌ربكه‌وێت، له گرنگیدانی بە پەیوەندییە دوولایەنەکان، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕێككه‌وتن و گرێبەستکردن؛ نەک ئایدۆلۆژیا. ته‌نانه‌ت ئەم گۆڕانکارییە لە ناوخۆی وڵاتیشدا لە ڕێگەی جێبەجێکردنی سیاسەتی پارێزگاریخوازانەوه پیاده ده‌كات، لەوانەش سه‌پاندنی باج و جێبەجێکردنی سیاسەتی توندتری دژه کۆچبەری. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی، (ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوان ئیسرائیل و گەلانی عەرەب) ئاماژەن بۆ ئەم گۆڕانکارییە، کە تێیدا لە ڕێگەی هاوکاری ئابووری و ئەمنییەوە، گرنگی بە سەقامگیری ناوچەکە دەدرێت؛ بەبێ ئەوەی پێویست بە هەلومەرجی لیبڕاڵیی وەک ڕیفۆرمی دیموکراسی بكات.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی سبه‌ی؛ ئاماژە بەوە دەکات؛ لە دۆسیەی ترەمپدا،ئەو گوتار و سیاسەتانەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گەشەیەکی ئایدیۆلۆژی لە هزر و دیدی ئەمریکادا وەرگرتووە: پاشه‌كشه‌ی لیبڕاڵیزم و گەشبینی و سەرهەڵدانی هەڵوێستێکی پراگماتیک و واقیعی، کە دیپلۆماسییه‌ت وەک ئامرازێک بۆ دانوستان نەک وەک ئامرازێک بۆ ڕازیکردنی ئەخلاقی داده‌نێت. ئەم ئاراسته گۆڕینه وه‌ك جۆرێك له پێناسەکردنەوەی ئەمریکایە؛ به‌هه‌مان شێوه بۆ پەیوەندییه‌كانی لەگەڵ هاوپەیمانان و نەیارانی.
ئاراستەکردنەوەی ستراتیژی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ساڵانێکه سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕ بووەتەوە، بەڵام ستراتیژه ته‌قلیدییه‌كانی ئەمریکا نەیتوانیوه لە ڕێگەی دیموکراسییەوە ئامانجەکانی بپێكێت. ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی نوێنەرایەتی خستنه بواری جێبه‌جێكردنی ئەم ڕێبازە نوێیە دەکەن، کە بەها گشتگیرەکان دەگرێتەوە. ئه‌ویش له ڕێگه‌ی ڕێککەوتنی دوولایەنە لەسەر بنەمای (ئاسایش، پێداویستی ئابووری، و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان) لەبری ئەوەی ستانداردە دیموکراسییەکان لە گەلانی هاوبەشدا بەرەوپێش ببەن. ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی سه‌رنجی له‌سه‌ر ئاشتی ناوچه‌ییه، له پرسی ناكۆكی و ململانێی (ئیسرائیل-فەلەستین)دا، به‌و جۆره‌ی كه دەیان ساڵە له سیاسەتی ده‌ره‌وه‌ی ئەمریکادا ده‌بینرێت.
ڕابه‌ر ته‌ڵعه‌ت، شێوازی تەقلیدی لەسەر بنەمای دەوڵەت بۆ سەقامگیری، ڕاستەوخۆ دژ به دەستپێشخەرییە سیاسییه‌کانی (ترەمپ) ده‌بینێت. ئه‌و پێیوایه دەستێوەردانەکانی پێشووی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان و لیبیا بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی شكست بووه، چونکە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە له سایه‌ی گەندەڵی و لاوازی حوکمڕانی و فشارە دەرەکییەکاندا بووه. له ئێستادا ئیدارەی نوێی ترەمپ، پشتگیری له سیستەمی حوکمڕانی ناوخۆیی ده‌كات، کە تایبه‌تمه‌ندی فره‌یی نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری ناوچەکە لەخۆدەگرێت. له‌و باره‌یه‌وه خواستی ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه؛ لە ڕێگەی بەهێزکردنی ناوخۆییەوە هەوڵ بۆ دامەزراندنی سیستەمێكی حوکمڕانی بدات، کە لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆییدا بگونجێت و لە هەمان کاتدا بەڕێوەبردن و تێپه‌ڕاندنی ئاستەنگە تایبەتەکان چالاک بكات.
گه‌رچی ڕێبازەکە هەندێک سوودی هەیە، هاوكات چه‌ندین زیانی تایبه‌تیشی هه‌یه؛ چونكه ئه‌زموون پێمان ده‌ڵێت: بەبێ بەڕێوەبردنێكی دروست، پێکدادانه تائیفی و نەتەوەییه‌كان خراپتر و متمانەی کۆمەڵگا لاوازتر دەبێت. وه‌ك ئه‌و بۆشاییه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدا لە دوای داعش لە عێراق دەرکەوت؛ چونکە حوکمڕانی ناوخۆیی بەس نەبوو، كه دواجار ڕێگەی بۆ میلیشیاکان و تۆڕە تاوانکارییەکان خۆشكرد، تا باشتر خۆیان ڕێكبخه‌ن و کۆنترۆڵی دۆخه‌كه بكه‌ن.
ئیدارەی تره‌مپ به باشی لەم مەترسیانە تێگەیشت، ئەمەش وای كرد پشتگیری لە ڕێبازێکی دوو ئاراسته‌یی ته‌ریب بکەن، کە حوکمڕانی ناوخۆیی هاوتەریب لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان، بنیاتنانی تواناكان پێش بخه‌ن. هه‌ربۆیه ستراتیژییه‌ت بریتی بوو لە ڕاهێنانی فەرمی ناوخۆیی، گەیاندنی یارمەتی و پەرەپێدان، و هاندان و پشتگیری له گفتوگۆی نێوان کوتلە کێبڕکێکارەکان بۆ کەمکردنەوەی ناكۆكی و گرژییەکان.
لە پشت دەوڵەتانه‌وه: دووباره بیرکردنەوە لە حوکمڕانی لە هەرێمێکی پارچەپارچەدا
ڕابه‌ر؛ وه‌ك توێژه‌رێك، چاودێری جوڵەی "پۆست دەوڵەت"ەکان ده‌كات. بنیاتنانی دەوڵەتی دوای کۆڵۆنیالیزم شکستی هێناوە، هه‌روه‌ك بەهاری عەرەبی لاوازی پێکهاتەی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی ناوه‌ندی، له نموونه‌ی پاوانخوازی ئاشکرا کردووە. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ڕژێمەکان و دەوڵەتە دیموکراسییه‌کان پێكه‌وه هه‌ره‌سیان هێناوه. ڕوانگه‌ی ترەمپ بۆ ناوچەکە جۆرێكه لە لامەرکەزییەتی پراگماتیک، کە ئەکتەرە خۆماڵییه‌كان سەرکردایەتی حوکمڕانی و گەشەپێدان دەکەن. له‌م باره‌یه‌وه ئەمریکا، دان بەوەدا دەنێت، کە مۆدێلێکی یەک پێوه‌ری بۆ هه‌مووان (كاڵایه‌ك به باڵای هه‌مووان) و مۆدێلی ناوەندێتی بۆ بنیاتنانی دەوڵەت؛ هیچ كام لەم دووانە پراکتیکی و به‌رده‌وامی نییه. له‌كاتێكدا سەربەخۆیی ناوخۆیی و گەشەپێدان لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە پێشینەی كاره‌كان بێت. سەبارەت بە ئاشتی؛ سیاسەتی ترەمپ بە ئەگەرێکی زۆرەوە به ئاراسته‌ی سەپاندنی ڕێككه‌وتنه‌كانه، نەک هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی گرێبەست و ڕێككه‌وتنی تر. (ڕابه‌ر) وای ده‌بینێت، کە ئەمریکا دەسەڵات و کاریگەرییەكی ئه‌وتۆی لەسەر ئەکتەرە ناوچەییەکان هەیە، بۆ ئه‌وه‌ی لەگەڵ سیاسه‌ته‌كانی ترەمپ و دیدگای ئه‌مریكی بۆ ناوچه‌كه بیانگونجێت.
ئەنجام
به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی سبه‌ی؛ له‌و بڕوایه‌دایه دووباره گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كورسی سه‌رۆكایه‌تی، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت، بەتایبەتی لە ناوچه‌ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تێیدا پرۆسه‌ی بونیاتنانی ده‌وڵه‌ت شکستی هێناوە. هه‌روه‌ك ئەمریکا هەوڵدەدات بەردەوامیی به دۆخی سه‌قامگیری بدات و ئاشتی ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌وه‌یش لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی پراگماتیک، حوکمڕانی لۆكاڵی و دانانی چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراوی چاره‌سه‌ریی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تەنها ئەگەر ئەم مۆدێلە کار بکات و لە بەڕێوەبردنی ئاڵۆزییەکانی ناوچه‌كه و حوکمڕانی لامەرکەزی و داینامیکی دەسەڵاتی ناوچەییدا، باڵادەست و سەرکەوتووبێت. هه‌ربۆیە لەپێناو بنیاتنانی سیسته‌مێكی هه‌رێمیی سەقامگیرتر و گشتگیرتر، پێویسته داڕێژەرانی سیاسەت ڕێبازێكی نەرم و نیان و گونجاو له‌گه‌ڵ جیهانی په‌رش و بڵاو، و پارچەپارچەی دوای لیبراڵیزم بگرنه به‌ر.